ڕۆناڵدۆ: ئەمە دواین مۆندیالی منە و کاتی وازهێنان تەنها بە ویستی خۆم دەبێت


کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالی، لە لێدوانێکی توند و ڕاشکاوانەدا وەڵامی ڕەخنەگرانی دایەوە و چەند تەوەری گرنگی پەیوەست بە داهاتوو و ژیانی وەرزشیی خۆی یەکلاکردەوە.

​سەبارەت بە وازهێنان و میدیاکان

​ڕۆناڵدۆ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کاتی وازهێنانی لە یاریگاکان وتی: "من کەی خۆم حەز بکەم واز لە یاریکردن دەهێنم، نەک کاتێک ئێوە [میدیاکان] دەتانەوێت. 23 ساڵە هەوڵی لەناوبردنی من دەدەن، کاتەکەتانی پێ بەفیڕۆ مەدەن."

​ئەو یاریزانە ئاماژەی بەوەش کرد کە تەرکیزی سەرەکی لەسەر ئەو کەسانەیە کە پشتگیری دەکەن: "ئەوەی گرنگە ئەو کەسانەن کە پشتگیریم دەکەن و پشتگیری تیپەکە دەکەن، من ئەو هاندەرانە لەبیر ناکەم. ئەوانی تر گرنگ نین، ئەوە تەنها پاشماوە و قسەی بێمانایە."

​سەبارەت بە ئاستی یاری و تەمەن

​سەبارەت بە ڕەخنەکان لەسەر تەمەنی، ڕۆناڵدۆ بە گاڵتەجاڕییەوە وتی: "هەندێک کەس پێیان ناخۆشە کە من 41 ساڵم، قسەم لەگەڵ تۆیە! ڕوخساری تۆم لەبیرە."

​لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی ئاستی هونەری خۆی، ڕۆناڵدۆ وتی: "لەوانەیە وەک پێشوو نەبم، بەڵام هێشتا دەتوانم گۆڵ تۆمار بکەم و هیوادارم سبەی گۆڵ بکەم. ئەگەر منیش گۆڵ نەکەم، ئەوا هیوادارم کەسێکی دیکە گۆڵ بکات، چونکە ئەرکەکەمان گەیشتن بە قۆناغی داهاتووە، نەک تەنها گۆڵکردنی من."

​دواین مۆندیال و ستایشی بەهرەمەندەکان

​لە کاتێکدا ڕۆناڵدۆ بەشداریی لەم مۆندیالە بە ئەزموونێکی "ناوازە" وەسف کرد کە تیپەکەیان بەردەوامە لە باشترکردنی ئاستی تێیدا، بە ئاشکرا پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە دواین مۆندیالی ژیانی دەبێت.

​هەروەها لە لێدوانێکی کورتدا، ستایشی لامین یامالی کرد و بە یاریزانێکی "خاوەن بەهرەیەکی زۆر" ناوی برد.





PM:09:32:05/07/2026