دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو کارتە سوورەی بە رووی "باڵۆگۆن"ی یاریزانی ئەمریک لە یاری بۆسنە بەرزکرایەوە، ڕەخنەی توندی لە ناوبژیوانەکە گرت و بە بڕیارێکی نادادپەروەرانەی ناوبرد.
ترەمپ کە بە "شارەزایی لە وەرزشدا" خۆی ناساند، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ڕووداوە تەنها بەرکەوتنێکی ئاسایی بووە و وتی: "دیمەنەکەم بینی، من وەرزشەوانێکی نایاب بووم و لەم وەرزشە باش تێدەگەم. ئەوە سەرپێچی نەبوو، تەنانەت شایەنی هیچ سزایەکیش نەبوو. دوو یاریزان بە خێرایی ڕایان دەکرد و بەریەک کەوتن؛ ئەوەی ڕوویدا لە تۆپی پێدا سروشتییە."
سەرۆکی ئەمریکا گومانی خۆی لەسەر ناوبژیوانی یارییەکە دەربڕی و گوتی: "ئەم ناوبژیوانە جێگەی گومانە ئەگەر مێژووەکەی بپشکنرێت. بڕیارەکەی بە جۆرێک بوو کە کەس باوەڕی پێ نەکرد، تەنانەت یاریزانانی تیپی بەرامبەریش دانیان بەوەدا نا کە بەخت یاوەریان بووە."
ترەمپ نیگەرانی خۆی لە سزای بێبەشکردنی باڵۆگۆن لە یاری داهاتوو دەربڕی و ڕایگەیاند: "نەم دەزانی ئەم کارتە سوورە مانای ئەوەیە لە یاری داهاتوو بێبەش دەبێت. کاتێک زانیم، وتم ئەمە شتێکی گەورە و نادادپەروەرانەیە. بۆیە راستەوخۆ پەیوەندیم بە سەرۆکی فیفاوە کرد، کە پیاوێکی زۆر بەڕێزە، و داوام لێکرد پێداچوونەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیەدا بکات،ئەویش کردی و کارتەکەی لابرد"
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ باسیشی لە ڕۆڵی خۆی لە ڕاکێشانی چالاکییە وەرزشییە گەورەکان کرد و وتی: "من بووم جامی جیهانیم هێنا بۆ ئێرە، نەک بایدن کە خەوتبوو. ئۆڵۆمپیاد و جامی جیهانیم بەدەستهێنا، ئەوە شتێکە شانازی پێوە دەکەم و ئەگەر بارودۆخەکە ئاسایی بووایە، ئێستا خانەنشین دەبووم."