دوای ماڵئاواییکردن لە مۆندیال؛ ڕۆبێرتۆ مارتینێز دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆرتوگال ڕاگەیاند

رۆبێرتۆ مارتینێزی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دوای شکستەکەیان بەرامبەر ئیسپانیا و ماڵئاواییکردن لە قۆناغی 16ـی مۆندیالی 2026، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال ڕاگەیاند.

​مارتینێز لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان وتی:

"ئەمە کۆتا یاری من بوو لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا. سوپاسی گەلی پۆرتوگال دەکەم بۆ ئەو پشتگیرییەی لێیان کردین، بیرەوەرییەک لەگەڵ خۆم دەبەم کە هەتاهەتایە لەگەڵم دەمێنێتەوە."

​سەبارەت بە یارییەکە و ئاستی تیپەکەی، ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە وتی:

"پێموایە ئەمە باشترین یاری ئێمە بوو لەم مۆندیالەدا. ئێمە بەرامبەر بە یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی بردنەوەی نازناوەکە یاریمان کرد و ئاستمان بە تەواوی لە ئاست ئەواندا بوو. تەنها پێویستمان بە کەمێک بەخت هەبوو لە بەشی کۆتایی یاریگادا، ئەگەر ئەو بەختەمان هەبوایە، یارییەکە لانیکەم دەچووە کاتی زیادکراو و ئەوەش گۆڕانکارییەکی زۆری دروست دەکرد."

​لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە لامین یامال، مارتینێز بە کەمکردنەوەوە وتی:

"لامین هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەکردین."

​لە کۆتاییدا، مارتینێز جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای دەرچوونەکە، شانازی بە ئاستی یاریزانەکانییەوە دەکات و پێیوایە گەلی پۆرتوگالیش دەبێت شانازی بەو تیپەیانەوە بکەن کە لە یاریگادا نیشانیان دا.




AM:12:59:07/07/2026