لە پشت پەردەی مۆندیالی 2026، ناوەندێکی پێشکەوتووی ئۆپەراسیۆنە تەکنەلۆژییەکان لە شاری مەیامیی ئەمەریکا، وەک "مێشکـی مۆندیال" کاردەکات.
ئەم ناوەندە کە لە ڕووی ئەمنی و تەکنیکییەوە هاوشێوەی ژوورە کۆنتڕۆڵە سەربازییەکانی نێو فیلمەکانە، بە یەکێک لە پارێزراوترین ناوەندەکانی جیهان دادەنرێت و ڕێگە بە هێنانی هیچ جۆرە مۆبایلێک بۆ ناوی نادرێت.
ئەم ناوەندە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI)، سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال دەکات کە بۆ یەکەمجارە بە بەشداری 48 هەڵبژاردە و لە 16 شاری جیاواز لە 3 وڵاتی جیاواز ئەنجام دەدرێت.
. لە گرنگترین ئەرکەکانی ئەم ناوەندە، کۆنتڕۆڵکردنی وردی جوڵەی پاسی هەڵبژاردەکانە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئاسایش و کاتی گەیشتنیان.
ڕووبەڕووبوونەوەی ملیۆنەها هێرشی ئەلیکترۆنی
ناچۆ فرێسکۆ، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیا لە فیفا، ئاشکرای کرد کە ناوەندەکە ڕۆژانە ڕووبەڕووی 500 ملیۆن هێرشی سایبەر دەبێتەوە.
فرێسکۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دۆخی جیۆسیاسی جیهان، ئاستی هەڕەشەکان زۆر بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک تەنها لە مۆندیالی پێشووی قەتەردا، کۆی گشتی هێرشەکان گەیشتە 1.1 ترلیۆن هێرش.
لێنۆڤۆ و شۆڕشی بەدیجیتاڵکردنی یاریگاکان
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کۆمپانیای لێنۆڤۆی چینی ڕایانگەیاند، کە لە چوارچێوەی هاوبەشییان لەگەڵ فیفا، 25 هەزار لاپتۆپ و تابلێتیان بۆ یاریگاکان دابین کردووە، ئەمەش وای کردووە ئەو یاریگایانەی پێشتر وەک یاریگای ئاسایی بوون، ئێستا بگۆڕێن بۆ ناوەندی پێشکەوتووی داتای زیرەک.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە سەردانێکیدا بۆ ئەم ناوەندە، کارمەند و پسپۆڕانی ناوەندەکەی بە "دڵی لێدەری مۆندیال" وەسف کرد و جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ئەوان کردەوە لە سەرکەوتنی ئەم پاڵەوانێتییە مێژوویییە.