لە تەمەنی 19 ساڵیدا، لامین یامال ناسراو بە "کوڕە زێڕینەکەی بارسێلۆنا"، دوای تەنها دوو ساڵ لە بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024، توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ببێتە پاڵەوانی جامی جیهانی 2026. ئەم درەوشانەوە سەرنجڕاکێشەی ناو یاریگاکان، ژیانی دارایی و ئابووری ئەم یاریزانە گەنجەی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری (Voici)ی فەڕەنسی، سامانی لامین یامال لە ئێستادا گەیشتووەتە زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلار، و پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە، بەتایبەت پاش ئەو دەستکەوتە مێژووییەی لە مۆندیالی 2026 تۆماری کرد. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرکەوتنی خێرای یامال وایکردووە ببێتە یەکێک لەو وەرزشوانە خاوەن مووچە بەرزانەی جیهان لە چاو تەمەنی خۆیدا.
لە ئایاری 2025دا، یانەی بارسێلۆنا گرێبەستێکی نوێی بۆ ماوەی 6 ساڵ لەگەڵ یامال واژۆ کرد، کە تێیدا مووچەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادکرا و لە ئێستادا مووچە ساڵانەکەی بە نزیکەی 18 ملیۆن دۆلار (بێجگە لە پاداشتەکان) دەخەمڵێندرێت. ئەم ئاستە داراییە ناوی یاریزانەکەی خستە لیستی فۆربسەوە بۆ ئەو کەسایەتییە وەرزشییانەی کە زۆرترین داهاتیان لە جیهاندا هەیە.
سەرچاوەی داهاتی لامین یامال تەنها مووچەی یانەکەی نییە، بەڵکو پاداشتی پەیوەست بە ئاستی یارییکردن و گرێبەستە ریکلامییەکانی لەگەڵ براندە جیهانییەکان لەخۆدەگرێت. لە دیارترینیاندا، گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەدیداس کە بۆ ماوەی 10 ساڵە، بە تەنها نزیکەی 34 ملیۆن دۆلار بۆ یاریزانەکە دەستەبەر دەکات. شارەزایانی ئابووری وەرزشی پێشبینی دەکەن سامانی ئەم یاریزانە تا کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا لە ساڵی 2031دا، بگەڕێتەوە و بگاتە 100 ملیۆن دۆلار.
ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی یامال لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە ژینگەیەکی زۆر هەژاردا گەورە بووە؛ باوکی کۆچبەری مەغریبی بووە و وەک بۆیەکەر کاری کردووە، و دایکی خەڵکی گینیا بیساو بووە و وەک گارسۆن کاری کردووە. دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی لە تەمەنی 3 ساڵیدا، لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری بارسێلۆنا پەروەردە بوو، بەڵام سەرەڕای سەختییەکان، ئێستا بووەتە یەکێک لە دیارترین و دەوڵەمەندترین ئەستێرەکانی جیهانی تۆپی پێ.