خولی ئینگلیزی خۆی ئامادە دەکات بۆ تاقیکردنەوەی یاسایەکی نوێ بە ئامانجی بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیەی کە تێیدا گۆڵپارێزان بە مەبەست خۆیان بە پێکان نیشان دەدەن بۆ دروستکردن و وەستاندنی تاکتیکی یارییەکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی (BBC)، لەمەودوا ئەگەر ناوبژیوان رێگە بە تیمی پزیشکی (چارەسەرکار) بدات بچنە ناو یاریگا بۆ چارەسەرکردنی گۆڵپارێز، ئەوا ڕاهێنەری ئەو تیمە ناچار دەبێت یاریزانێکی هێڵی دەرەوە (مەیدانی) دیاری بکات بۆ ئەوەی بۆ ماوەی 1 خولەک یاریگا جێبهێڵێت.
یاساکە چەند خاڵێکی گرنگی لەخۆ گرتووە:
ڕاهێنەر تەنها 10 چرکەی لەبەردەستدا دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو یاریزانەی کە دەبێت یاریگا جێبهێڵێت.
ئەگەر ڕاهێنەر لە ماوەی ئەو 10 چرکەیەدا یاریزانێک دیاری نەکات، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاپتنی تیمەکە هەڵدەبژێردرێت بۆ جێهێشتنی یاریگا.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ورزەکانی ڕابردوودا بەکارهێنانی ئەم شێوازە لەلایەن گۆڵپارێزانەوە زیادیکردبوو، بە شێوازێک کە کاتیان دەکوشت و دەرفەتیان بۆ ڕاهێنەران دەڕەخساند بۆ گواستنەوەی ڕێنمایی تاکتیکی بۆ یاریزانەکانی تر لە کاتی چارەسەرکردنی گۆڵپارێزدا، کە ئەمەش بووبە جێگەی ڕەخنەی هاندەران و بەڕێوەبەرانی یارییەکە.
جێگەی باسە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا، خولی پریمەرلیگ و خولە پیشەگەرەکانی تری ئینگلتەرا ڕەزامەندیان لەسەر ئەم تاقیکردنەوەیە داوە و چاوەڕوانی ڕەزامەندی کۆتایی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (IFAB) دەکرێت.