دوای پێنج هەفتە لەیاریەكانی خولی ئینگلیزی تیپەكەی مۆرینیۆ خراپترین دەستپێكی خولی نوێی هەیە كە لە ساڵی 1988 ەوە ئەنجامی وای نەبوە، لە ئێستادا چێڵسی حەڤدەیەمی ریزبەندیە هەرچەندە 135 رۆژ لەمەوبەر ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوەكەیان دەگێڕا، هەموو پلانەكانی مۆرینیۆ بەخراپی دەڕوات بەتایبەتی دوای دروستبونی كێشەكەی لە كچە دكتۆری یانەكە، ئایا ئەم كچە ئەوەندە بەهێزبوو كە تیپەكەی مۆرینیۆی وا شێواند یان هۆكاری تر هەیە بۆ ئەنجامە خراپەكانی بلوز؟
هەندێك سەرچاوەباس لەوەدەكەن كەبەشێكی زۆری ستافی و یاریزانانی چێڵسی پشتگیری پزیشكەكە دەكەن لەبەرامبەر مۆرینیۆ، لەئێستادا بارودۆخی كرانیرۆ بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، زیاتر لە مانگێكە ئەم كچە لەتیپكە دورخراوتەوەو بەڵام لەسەر كاریش لانەبراوە. لەلای خۆشەوە داشا ژیكۆڤای هاوڕی كچەكەی ئابرامۆڤیج پشتگیری پزیشكەكەی كردوەو وای نیشانداوە كە مۆرینیۆ زۆر توند بوە لەو كێشەیەدا.
بیریشمان نەچێت لەكۆتاییەكانی وەرزی رابردوو كاتێك چێڵسی بەرامبەر كریستاڵ پاڵاس بردنەوەی بەدەستهێنا 3 رۆژ پشووی دایە یاریزانانی، بەڵام كۆستا رۆژێك درەنگتر گەڕایەوە بوەهۆی دروستبونی كێشە لەنێوان مۆرینیۆو ئەو هێرشبەرە ئیسپانیەدا كە سەرەتایەك بوو بۆ ئەوەی بڕیارەكانی مۆرینیۆ وەكو خۆی جێبەجێ نەكرێت.
لەبازاڕی گواستنەوەشدا مۆرینیۆ دوچاری شكستێكی چاوەڕوان نەكراوبوو كاتێك دوپاتی كردەوە كە هەوڵی كڕینی جۆن ستۆنی بەرگریكاری ئیڤەرتۆن دەدەن، بەڵام یانەكەی نەیتوانی ئەو داواكاریەی بۆ جێبەجێ بكات هەرچەندە لەدواین رۆژدا 28 ملیۆن پاوەندیان بۆ تەرخانكرد.
ئەوانەی سەرەوە كێشەكانی دەرەوەی یاریگابوون كە بەدڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبوە، بەڵام نابێت بیریشمان بچێت كە چێڵسی لەناو یاریگاشدا كێشەی زۆرە، باپێكەوە بەراوردێكی یاریزانە سەرەكیەكانی تیپەكە بكەین بزانین لەگەڵ وەرزی رابردوو چی جیاوازیەكیان هەیە.
جۆن تێری لە وەرزی رابردودا لەدوای 5 یاری (10) لێسەندنی تۆپی بە خۆخشاندن (تاجكهلس) بەدەستهێنابوو، بەڵام لەم وەرزدا تەنها 4 تۆپی بەو شێوەیە لەبەرگریكارەكان سەندوە.
لەهێڵی ناوەراست سیسك فابریگاس ئەو یاریزانە بوو كە مۆرینیۆ پشتی پێ دەبەست، بەڵام ئەو ئیسپانیە زۆر بەخێرایی و لەم وەرزدا ئاستی دابەزیوە، وەرزی رابردوو لەم كاتەدا فابریگاس 6 گۆڵی دروستكردبوو بەڵام لەمساڵدا هیچ گۆڵێكی دروستنەكردوە، تەنانەت لەبەرامبەر ئیڤەرتۆن هیچ شوتێكی ئاراستەی گۆڵ نەكرد هیچ تۆپێكی لەتیپی بەرامبەر نەسەند هیچ پاسَكی گۆڵی نەدا.
ئیدین هازارد كە باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی چێڵسی و خولی ئینگلیزیە بەهەمان شێوەی هاوڕێكانی تری ئاستی زۆر جیاوازە، لە وەرزی رابردوو دوای 5 یاری خاوەنی گۆڵێك بوو هەروەها رێژەی راستی شوتەكانی %80 بۆ ناوگۆڵ بوون، بەڵام لەم وەرزەدا تائێستا هیچ گۆڵێكی نەكردوەو رێژەی راستی شوتەكانی بۆ ناوگۆڵ دابەزیوە بۆ %40 .
دیگۆ كۆستا كەوەرزی رابردوو گۆڵكەری یانەكەبوو لەمساڵدا بیری چۆتەوە گۆڵەكە لەكویادایە، دوای 5 یاری ئەو هێرشبەرە خاوەنی 7 گۆڵبوو بەڵام لەئێستادا تەنها یەك گۆڵی هەیە. بۆیە نابێت بپرسین كێشەی چێڵسی چیە چونكە لە ئاستی یاریزانە باشەكانیدا دیارە، بەڵكو دەبێت چاوەڕوانبین بزانین مۆرینیۆ چۆن ئەم كێشانە چارەسەر دەكات؟ یان بزانین ئابرامۆڤیچ تاكەی لەسەر مۆرینیۆ دەوەستێت و پشتگیری دەكات؟ چونكە ناكرێت بارودۆخی چێڵسی ئاوا بەردەوامبێت.
چێنەر عەبدول قادر