KFA- سبەی هەینی 23/10 كاروانی خولی یارییەكانی خولی لاوانی پلە یەكی یانەكانی كوردستان لە سەرجەم یاریگەكانی كوردستاندا دەكەوێتەڕێ.
لەدەستپێكی یارییەكانی خولەكەدا لەیاریگەی یانەی ئاڵا تیپی لاوانی ئاڵا پێشوازی لە تیپی لاوانی ئاسۆ دەكات، بردنەوە لەم یارییەدا بۆ هەردوو تیپ گرنگ و پێویستە بە تایبەتی بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەكە. لە یاریگەی یانەی ئارارات هەردوو تیپی لاوانی ئارارات و كۆیە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، تیپی خاوەن یاریگە بەهەر نرخێك بێت هەوڵی بردنەوە دەدات ، بەپێچەوانەوەش تیپی میوان هەموو پلان و تاكتیكی خۆی لەم یارییە بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی هەر چۆنێك بێت لەدەرەوەی یاریگەی خۆی سەركەوتن تۆمار بكات و بە3 خاڵی یارییەكە بگەڕێتەوە كۆیە.
هەروەها لەیارییەكی دیكەدا تیپی لاوانی هەڵۆ میوانداری لەتیپی لاوانی سێمێل دەكات، لە یاریگای ئاڵتون كۆپریشدا هەردوو تیپی لاوانی ئاڵتون كۆپری وسۆلاف بەیەكدەگەن.
لەلایەكی دیكەوە لە یاریگەی چەمچەماڵدا تیپی لاوانی خاك دەبێتە میوانی تیپی لاوانی چەمچەماڵ، هەردوو تیپی لاوانی دەربەندیخان و شەهیدانیش لە دەربەندیخان رووبەڕووی یەكتردەبنەوە.
speemedia