خولی پێشخستنی ناوبژیوانانی كوردستان كۆتاییهات و بڕوانامە دابەشكرا

‌وێنەکەو تێکستەکە لە پێگەی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان وەرگیراوە



رۆژی یەکشەممە یەكشەممە بە مەراسیمێك لە هەولێر، كۆتایی بە خولی پێشخستنی ئاستی ناوبژیوانانی تۆپی پێی كوردستان هات، كە لەلایەن وانەبێژانی تۆپی پێی ئەوروپا UEFAـەوە سازكرابوو.

دوای بەڕێوەچوونی بۆ ماوەی سێ رۆژ، ئەمڕۆ ئێوارە كۆتایی بە خولی پێشخستنی ئاستی ناوبژیوانانی كوردستان هات، كە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان سازیكردبوو.

خولەكە لەلایەن هەردوو وانەبێژ و شارەزا و ناودارانی بواری ناوبژیوانی لە ئەوروپا و جیهان "فرانك دی بلێكەر و ڤێرنەر هێسَلن"ـەوە سەرپەرشتی و بەڕێوەدەبردرا، بە هاوكاری دانا كەریم، ناوبژیوانی پێشووی كوردستان و عێراق، كە لە بەلجیكا نیشتەجێیە و هاوكارێكی سەرەكییە بۆ هاتنی وانەبێژەكان بۆ كوردستان.

خولەكە بە هەردوو شێوازی تیۆری و پراكتیكی ئەنجامدرا و 40 ناوبژیوانی لاو لەسەر ئاستی كوردستان بەشداربوون، كە تازەترین زانیاری و گۆڕانكارییەكانی كاری ناوبژیوانی تێدا پێشكەشكرا.

لە مەراسیمی كۆتایی خولەكەدا، كە لە هۆڵی كۆنگرەی رۆژنامەوانیی یانەی هەولێر بوو، هەریەكە لە سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپیی هەرێمی كوردستان سەڵاح حەسەن خەسرەو، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپی سەڵاح محەمەد كەریم و ئەمینداری گشتیی ئۆڵمپی د. ئالان قادر و سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی و جێگر و سكرتێر و ئەندامانی یەكێتیی تۆپی پێ و ژمارەیەكی بەرچاو لە مێدیاكاران ئامادەبوون، كە تێیدا چەند وتارێك پێشكەشكرا، دواتریش بڕوانامە بەسەر بەشداربووان دابەشكرا و وێنەی یادگاری گیرا لەگەڵ چەند بڕگەیەكی دیكە.

خولەكە لە ئاستێكی بەرزدا بوو، كە دووەمجاریش بوو لەو ئاستە بەرزەدا بێتە ئەنجامدان و وانەبێژ و ناوبژیوانی پێشووی نێودەوڵەتی فرانك دی بلێكەری بەلجیكی وانەی تێدا پێشكەش بكات.

SPEE SPORT


PM:06:00:18/01/2016