سیروانی نوێ بە بردنەوەیەكی گەورە گەیشتە قۆناغی داهاتوو

یانەی سیروانی نوێ بردنەوەیەكی گەورە و گرنگی لە خولی پلە یەكی تۆپی  پێی یانەكانی كوردستان تۆماركرد، گەیشتنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینیشی مسۆگەركرد.


لە میانی یارییەكی هەفتەی 2ی قۆناغی دووەمدا، یانەی سیروانی نوێ لە نێو یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی ئاڵتون كۆپری بووەوە.


لەگەڵ دەستپێكردنی یارییەكە یاریزانانی سیروانی نوێ هەوڵی تۆماركردنی گۆڵیان دەدا، مستەفا مەحمود لە خولەكی  24 گۆڵی یەكەمی بۆ تۆماركردن، دوو دەقیقە لەدوای ئەو گۆڵەش شاڵاو عەباس هەلێكی ئاسانی تۆماركردنی گۆڵی لەدەستدا، بەڵام هەرزوو توانی قەرەبووی بكاتەوەو لە خولەكی 24 گۆڵی دووەمی بەسیروانی نوێ بەخشی، دوای ئەو گۆڵەش یاریزانانی ئاڵتون كۆپری لەكەمكردنەوەی جیاوازیەكە سەركەوتوو نەبوون.


لەگێمی دووەمیشدا سەرەتا یاریزانانی ئاڵتون كۆپری سەركەوتووبوون لەكەمكردنەوەی جیاوازیەكەو ئەدیبایۆر نوردەدینی یاریزانی نێجری لە خولەكی  64دا گۆڵێكی تۆماركرد، بەڵام دوای ئەو گۆڵە ئاستی یارییەكە لەبەرژوەندی یانەی سیروانی نوێ گۆڕاو یاریزانانی ئەو یانەیە باڵادەستبوون، لە خولەكی 66دا یاریزانی سیروانی نوێ نزیكبوون لەتۆماركردنی گۆڵ و هەلێكی ئاسانیان لەدەست دا، بەڵام شاڵاو عەباس دوو  خولەك دوای ئەو هەلە، گۆڵی سێیەمی بۆ كردن، دواتر ئەو یانەیە هەر لەسەر ئاستە بەرزەكەی بەردەوامبوو، مستەفا مەحمود لە خولەكی 81 گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەكەی و جەزا فایەق لە خولەكی 88 و  محەمەد عوسمان لە خولەكی 93 سێ گۆڵیان تریان تۆماركرد.


 سەرئەنجام یارییەكەش (6-1) لەبەرژوەندی سیروانی نوێ تەواو بوو، ئەو بردنەوەیەش كۆی خاڵەكانی سیروانی نوێ-ی كردە 16 خاڵ و لەپێشەنگی گروپی دووەم جێگیربووە و بلیتێكی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینیشی بەدەستهێناوە.

spee-kfa



PM:09:59:15/03/2016