رۆژی سێ شەممە 17-5 هەردوو یانەی سیروانی نوێ و گازی باكور لەیارییەكی چارەنوسسازدا روو بەرووی یەك بوونەوە، یاریی چوونی سیروانی نوێ لەگەڵ ئەم یانەیەی شاری كەركوكدا، بە بردنەوەی یانەكەی شاری سلێمانی كۆتایهاتبوو، بۆیە پێش بینییەكان یانەی سیروانی نوێیان بە براوە دادەنا، بەڵام بەپێچەوانەوە گازی باكور هەر لەسەرەتای یارییەكەوە هێرشی بۆ سەر تیپی بەرامبەر دەستپێكردو بواری بە یاریزانانی سیروانی نوێ نەدەدا تەنانەت لەناوەڕاستی یاریگاش كۆنتڕۆڵی تۆپ بكەن و تەنیا بەرگریان لەسەر بوو، هێرشەكانی گازی باكوریش تا دەهات چڕتر دەبوو بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەو تایمە لەبەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێبهێنن، بەڵام بەپێچەوانەی ریتمی یارییەكەو ئاستی باشی گازی باكور سیروانی نوێ زیرەكانە توانیان چەند گۆڕانكارییەك لەشێوازی وەستانی یاریزانانەكاندا بكەن و هێرشێكی رێكخراو بەسەر تیپی بەرامبەر ئەنجامبدەن، ئەنجامەكەشی گۆڵێكی مستەفا مەحمود بوو لە خولەكی (28) ی یارییەكەدا.
هەرچی تیپی یانەی گازی باكوریشە دەستەو وەستان نەبوون لەبەرامبەر ئەو گۆڵەداو توانیان لەڕێگەی یاریزان حسێن جەمال لە خولەكی (40)ی یارییەكەدا ئەنجامەكە یەكسان بكەنەوە.
تایمی دووەمی یارییەكە تا رادەیەك هاوسەنگی لە ئاستی هەردوو یانەدا بەخۆوە بینی و هێرشبەرانی هەردوو تیپ چەندین هەلی ئاسانی گۆڵكردنیان لەدەستدا، بەڵام شاڵاو عەباس لە یانەی سیروانی نوێ نەیهێشت چی تر یارییەكە بەو ئەنجامە بمێنێتەوەو لەخولەكی (62)داو لەڕێگەی سەرەوە گۆڵی دووەمی یارییەكەو یانەكەی تۆماركردو یارییەكەش بەو ئەنجامەو (2-1) لەبەرژەوەندی سیروانی نوێ كۆتایهات.
بە كۆتایهاتنی ئەم هەفتەیەی چوارگۆشەی زێڕینی خولی پلەیەكی كوردستان، سیروانی نوێ بە كۆكردنەوەی 9 خاڵ لوتكەی ریزبەندی گرتووەو هەر یەك لە یانەكانی پێشمەرگەی سلێمانی بە كۆكردنەوەی 5 خاڵ لە پلەی دووەمدا و یانەكانی گازی باكور و كۆیە هەر یەكەیان بە كۆكردنەوەی 4 خاڵ لە پلەكانی سێیەم و چوارەمدا دێن.
spee-kfa