بەرێوەبەرى نوێی ئاسایشى سلێمانى پەیامێکی بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ بەڕێوەبەرى نوێی ئاسایشى سلێمانى ڕا‌یگه‌یاند" رێگە نادەین هیچ کەس و گروپێک، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستدرێژى بکاتە سەر ئارامی سەر و ماڵ و ژیانى خەڵکى". 

 

هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی بەبۆنەی دەستبەكاربونی وەك بەڕێوەبەری ئاسایش رایگەیانددووە" پاڵپشت بە یاسا و هاوڵاتییانمان لەخزمەت سەقامگیریی و ئاسایشدا بین و ڕێگە نەدەین هیچ كەس و گروپێك، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستدرێژی بكاتە سەر ئارامیی سەر و ماڵ و ژیانی خەڵكی". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە" پەیمان دەدەین زیاتر لە جاران و ئەو تەمەن و ئەزمونەی بەسەرمان بردووە و پلە بە پلە هێناومانە، بەبێ جیاوازی ، لە ئاست متمانەی هەموواندا بین هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین دامەزراوەی ئاسایشی سلێمانی وەك ھەمیشە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت و ببینە گیانی پێكەوە ژیان و هاوكاری یەكتری . چاودێری كردنی هەمووان وەكو یەك و نەكردنەوەی درز و كەلەبەر بۆ خۆدەربازكردن و گەندەڵی ، نەك هەر بەشێك دەبێت لە هەوڵەكانمان ، بەڵكو كار بۆ سڕینەوەشیان دەكەین". 

 

دەقى راگەیەندراوەکەى بەڕێوەبەرى ئاسایشى نوێى سلێمانى:

بەبۆنەى دەست بەکاربونمان لە بەرپرسیارێتى نوێدا، لەبەردەم خوا و خوێنى شەهیدان، هەموو ئەو لایەن و دڵسۆزانەى کە ئێمەیان بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کرد بەڵێن دەدەین :

پاڵپشت بە یاسا و هاوڵاتییانمان لە خزمەت سەقامگیریى و ئاسایشدا بین و ڕێگە نەدەین هیچ کەس و گروپێک، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستدرێژى بکاتە سەر ئارامیى سەر و ماڵ و ژیانى خەڵکى و پەیمان دەدەین زیاتر لە جاران و ئەو تەمەن و ئەزمونەى بەسەرمان بردووە و پلە بە پلە هێناومانە، بەبێ جیاوازى ، لە ئاست متمانەى هەمواندا بین هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین دامەزاوەی ئاسایش لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت ببنە گیانى پێکەوە ژیان و هاوکارى یەکترى ، چاودێرى کردنى هەمووان وەکو یەک و نەکردنەوەى درز و کەلەبەر بۆ خۆدەربازکردن و گەندەڵى ، نەک هەر بەشێک دەبێت لە هەوڵەکانمان ، بەڵکو کار بۆ سڕینەوەشیان دەکەین . بۆ هێنانەدى ئەم مەبەستەش :

هەمیشە دەرگامان کراوە دەبێت لەبەردەم هەر کەس و گروپ و لایەنێکدا کە بیانەوێت زانیاریمان پێ بدەن ، ڕەخنەمان لێ بگرن و بە بۆچونە ئەرێنیەکانیشیان ئاڕاستەمان بکەن ، بەتایبەت لەگەڵ نوسەران و ڕۆژنامەوانەکاندا ئاڕاستەیەکى ترى پێکەوە کارکردن دەگرینە بەر کەلە خزمەت ئاشتەوایى و پاراستنى گیانى ئەو وێنایەدا بێت کە ئامانج لێى گواستنەوەى ڕاستى و زانیارییەکان بێت وەک ئەوەى کە هەیە .

لەکۆتایدا سوپاسى هەموو ئەوانە دەکەین کە لەبەردەم ئەم پەیامەدا هاوکار و پشتیوانمان دەبن و ڕێگە دەکەنەوە بۆ ئەوەى لەئاست خزمەتکردن و مێژوودا هەموومان پێکەوە سەرازانە یەکترى تەواو بکەین.



PM:04:01:03/02/2021