هاوپەیمانی هیوا: پێویستە رەشبگیری و زیندانیکردنی ئازادیخوازان و کەسوکاریان کۆتایی بێت

هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایدەگەیەنێت" پێویسته‌ ره‌شبگیری و زیندانیكردنی ئازادیخوازان و كه‌سوكاریان كۆتایی بێت".

 

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی له‌ په‌رله‌مانی عێراق لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان رایگه‌یاند" ئەمرۆ ۷ ی شوباتی ۲٠۲۱ لە شاری هەولێر کەسوکاری بەناحەق دەستگیرکراوانی چالاکوانان و رۆژنامەنوسان و مامۆستایانی بادینان و هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی نارەزایی بە نەتەوە یەکگرتووەکان گردبونەوە. بەڵام لەبری رێزگرتن لە مافە دەستوری و یاساییەکانیان بۆ دەربرینی نارەزایی، بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەولێرەوە دەستگیرکران، کە ئەمەش ئەوپەری ئیهانەکردن بوو بە یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ".

 

ڕاشیگەیاندووە" پێویستە ئەو رەشبگیری و راوەدونانە دژی ئازادیخوازان و چالاکوانان و رۆژنامەنوسان لە کوردستان رابگیرێت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە بری پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێز و تۆقاندن و زیندانیکردن، رێز لە سەروەریی یاسا بگرێت و سەرجەم دەستگیرکراوان ئازاد بکات". 

ئەوەشیان خستەڕوو، هەرێمی کوردستان و کیانە دەستوریەکەی بەرهەمی رەنج و تێکۆشانی دەیان هەزار شهیدە تا ببێتە کیانێکی دیموکراتی و دەستوری کە تیایدا هاوڵاتیان بە ئازادی رای خۆیان دەرببرن و رەخنە بگرن لە هەر سیاسەت و بریارێک کە بەدڵیان نییە، نەک هەرێم بکرێتە زیندانێک و ئازادیی رادەربرین پایەماڵ بکرێت.

هاوکات لە کۆتایی له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی باسی له‌وه‌كردوه‌، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ گه‌یاندنی په‌یامی كه‌سوكاری ده‌ستگیكراوانی بادینان به‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌ عێراق و له‌ جیهان و فشاره‌كانمان به‌رده‌وام ئه‌بێت تا ئازادكردنی ته‌واوی ده‌ستگیركراوانی بادینان و هه‌ولێر. 



PM:11:11:07/02/2021