حیزبی شیوعی کوردستان سەرکۆنەی دەستدرێژیە سەربازیەکانی تورکیا دەکات

حیزبی شیوعی کوردستان لەسەر هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵوکردەوەو دەڵێت" بەتووندی پرۆتەستی ئەم دەستدرێژی و داگیرکاریەی سوپای تورکیا دەکەین". 

 

مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەم ڕۆژانەدا سوپای تورکیا بەهەموو توانا سەربازیەکانیەوە،وە بەگەڕخستنی جۆرەهاچەکی پێشکەوتوو، ئۆپەراسێۆنی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە (چیای گارە)دەست پێکردوە.بەپێی هەواڵەکان تا ئێستاش شەڕوپێکدادان بەردەوامە.زانیاریەکان دەڵێن سوپای تورکیا زیانێکی زۆری گیانی بەرکەوتوە کە لە نێویاندا ئەفسەری پلەدار هەن، ئێمە لە حیزبی شیوعی کوردستان بەتووندی پرۆتەستی ئەم دەستدرێژی و داگیرکاریەی سوپای تورکیا دەکەین". 

ئەوەش هاتووە" ئەمە یەکەم جار نیە کە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدات، وە پێناچێت ئەمە دواجاریش بێت،بۆیە گرنگە بەزووترین کات لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و زلهێزانی جیهانەوە سنورێک بۆ سەرکێشیەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا دابنرێت ،کە بوونەتە هۆی پشێوی و نائارامی لەدەڤەرەکەدا.دەبێ تورکیا لەوە تێبگات کە هەرگیز ناتوانێت بەڕێگەی سەربازی چارەسەری کێشەی کورد بکات،بۆیە باشتر وایە بەباشی دۆخەکە هەڵسەنگێنی و بیر لە چارەسەری سیاسی و ئاشتی و دیمکراتیانە بکەنەوە کە گونجاوترین چارەسەرە".

 

هاوکات لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لەهەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەن کە بێنە سەرخەت و بە ئاشکرا ئیدانەی بکەن و هاوکات داوای وەستانی بکەن، چونکە ئەم کارەی تورکیا شکاندن و پێشێل کردنی سەروەری خاکی عيراق و کوردستانە،بێدەنگبوون لە ئاستیدا پتر هانی تورکیا دەدات بۆ بەردەوام بوون، لەسەر کاری دوژمنکارانە بەرامبەر بە خاک و نەتەوەکەمان و زیاترکردنی بنکە سەربازیەکانی  لە هەرێمدا.



AM:08:49:13/02/2021