زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا

لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ زارا محەمەدی پەسەند کرد. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای پێداچوونەوەی سنە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی نۆژینی بۆ پێنج ساڵ بەندکردن کەم کردەوە.

بەووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای پێداچوونەوەی زارا محەمەدی، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر (مستەفا تەیاری) بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دادگا بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیاندراوە.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەمەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بە بێ تاوان ناساندبوو.

زارا محەمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی ٥ی ٢٠١٩ دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش ئێستا یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بەکۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە. 

PM:11:40:13/02/2021