لە سنە گردبونه‌وه‌ و ناڕه‌زایەتی لە دژی سزای زیندانی زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی سازکرا

بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، چالاکوانانی مەدەنیی پارێزگای سنە و ئەندامانی ئەنجوومەنی نۆژین، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە دژی سزای زیندانی زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی ئەنجامدا. 

 

گردبوونەوەکە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی دادی شاری سنەدا بوو، لە گردبوونەوەکەدا بەشێوەی بێدەنگ سەرکۆنەی سەپاندنی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەممەدی کرد. زارا محەممەدی خۆی بەشداری گردبوونەوەکە بوو. 

 

زارای تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە، ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش ئێستا یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بەکۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە. 

 

زارا محەمەدی لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو،  بەڵام هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بەپێی دوایین سزای پەسندکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای سنەوە پێنج ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە.

 

هاوکات زارا محەمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی ٥ی ٢٠١٩ دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.



AM:11:52:21/02/2021