سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر غالب محەمەدەوە دەڵێت " دەسەڵاتداران رۆژ دوای رۆژ هەرێمی کوردستان بۆ خراپتر دەگۆڕن".
لە راگەیەندراوێکدا لە بارەی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند "دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەو هەرێمەی شانازییان پێوەدەکرد و وەک نیشانەی پێشکەوتن و جیاوازی پێی دەوترا (عێراقەکەی تر) رۆژ بە دوای رۆژ دەیگۆڕن بۆ خراپتر".
دەشڵێت، دەسەڵاتداران رۆژ بە رۆژ هەرێم بۆ شوێنێک دەگۆڕن کە تیایدا دەنگی ئازاد و خەڵکە خاوەن هەڵوێستەکان سەرکوتدەکرێن.
نزیکی کاتژمێر ٧ ی شەو غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە وڵوبە لەسەر رێگای سلێمانی - عەربەت، بە چەقۆ هێرشکرایە سەری و لە چەندین لاوە برینداریان کرد.