موراد قەرەیڵان سەبارەت بەڕێگاچارەی ئاشتیانە لەگەڵ تورکیا، دەدوێت


وەرگێڕ لە ئینگلیسییەوە: حامید فەرازی

 
موراد کارایلان، ٥٦ ساڵان، یەکێک لە ڕێبەرە باڵاکانی پ ک ک یا پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئەو یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کە شەڕێکی درێژخایەنی، لە دژی تورکیا، بۆ ماف و ئۆتۆنۆمییەکی زیاتری گەلی کورد، دەستپێکردووە. ئەو لەو کەسانە بوو لەلایەن ئەنکەرەوە دەستنیشان کرابوو، ساڵی ۲۰۱۷، تورکیا هەوڵی کوشتنی دا بەڵام ڕزگار بوو. شەڕی نێوان ئەنکەرە و پ ک ک لە ناوچە کوێستانییە دوورەدەستەکانی نێوان باشووری تورکیا و باکووری عێراق هێشتایش درێژەی هەیە و لە میدیا نێونەتەووەییەکاندا کەمترین ڕاپۆرتی لەسەر دەدرێ. پێکدادانەکان بە شێوەی ڕۆژانە لە نێوان گریللاکانی پ ک ک و یەکینە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا ڕوودەدەن بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەوان لە کوێستانەکان دوورخەنەوە، بەو زووانەش هیچ نیشانەیک بۆ چارەسەری کێشەکە بەدیناکرێ. لە مانگەکانی ڕابردوودا فڕۆکە تایبەته بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا توانیویانە خەساری قورس لە شەڕوانانی پ ک ک بدەن، زۆرێک لە هاوڕێیانی نێزیکی کارایلان کوژراون. هاوسەرۆکی پێشووی ئەو ڕێکخراوە، فەرماندەری ئێستای هێزە 


چەکدارەکانی ه پ گ، هێزەکانی پاراستنی گەل، و یەکێک لە ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتییە، کە ئەوە باڵاترین ئەندامی پ ک ک یە.
وەکوو فەرماندەی شۆڕشێکی درێژخایەن، ئەو به کەمی لەگەڵ ڕۆژنامەوانان قسە دەکا. سەرەڕای ئەوە لە ئاخافتنیدا لەگەڵ ئەم گۆڤارە، بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانی گەلی کورد، ئەو کۆنە گەریلایە قسە لە باشتربوونی ڕێگاچارەی ئاشتیانە دەکا.


پێوەندیی ئەمریکا و پ ک ک:

 
پرسیار: پارتەکەی ئێوە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە نێو لیستی تێرۆر، ئەمریکا دەسخۆشانەی دیاریکردووە بۆ کەسێک زانیاری لەسەر جێگەوڕێگەی ئێوە بدا. هۆکاری ئەو دۆژمنایەتییە لەنێوان ئێوە وئەمریکییەکان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ئایا هیچ پیاچوونەوەیەکتان بە شێوازەکانتاندا دەبێ بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە؟
موراد قەرەیڵان: ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوچەدا لە کۆنترینەکانە. سەرەڕای دەیان ساڵ حاشاکێکردن و ئەشکەنجە و ئازار، تا ئێستا ئێمە توانیومانه لە بوون و مانەوەی خۆمان بەرگری بکەین. ئێمە حیزبی چەوساوەکانین، دەنگی مافەکانیانین. ئێمە لەگەڵ هیچ پارتیی ولایەنێکی تر، ئەمریکاشی لەگەڵ بێ، دژایەتی ناکەین. ئێمە قەت تا ئێستا هێرشمان نەکردۆتە سەر ئەمریکا. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، لە جەرەیانی کۆنفڕانسی لۆزاندا، وودرۆ ویلسۆن، دانی بە مافی کوردەکاندا نا. بەڵام لایەنەکانی تر لە دژی ئەو پێشنیارانەی ویلسۆن وەستانەوە. پەیمانی لۆزان 


بۆ نەتەوەی کورد کارەسات بوو. تورکیا سیاسەتی حاشای لە هەمبەر کوردان گرتەبەر. لەوێوە ئەوان سیاسەتی پاکتاوکردنی فیزیکی و ئاسیمیلاسیۆنی فەرهنگییان دەستپێکرد. ئەمریکا حاشای لە مافی مرۆڤ، بە نسبەت کوردەوە، نییە. بەڵام سیاسەتێکی ڕوونیشی نییە کە دان بە نەتەوەبوونی کورددا بنێ. پ ک ک وەک بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووخوازانە لە کوردستاندا سەریهەڵدا، لە کۆمەڵگایەکدا کە خوێندکاران و لاوان بەرهەڵستی دەسەڵاتی زاڵی سەرەک عەشیرەکان دەبوونەوە. هەروا کە ئێمە لە بەرامبەر عەشایر و بەرەبابەکاندا خەبات بۆ پاراستنی بەها دێموکراتییەکان دەکەین. بۆیە سەرەک عەشیرەکان لە دژی ئێمەن و وڵاتانی ڕۆژاوا هاندەدەن ئێمە وەک تێرۆریست بناسێنن. ئەمریکا تا ئێستا هیچ پێوەندییەکی بە ئێمەوە نەگرتووە. هەرچیش لەبارەی ئێمەوە دەزانێ، لەکەناڵی لایەنی سێهەمەوە، واتە تورکیایە، کە ئەویش لە دژمانە. من پێموایە ئەمریکا، لەبارەی ئێمەوە، زانیاری هەڵە و درۆزنانەی دەدرێتێ. کەوابو تەنیا ڕێگا بۆ ئەمریکا ئەوەیە پێوەندی بە خۆمانەوە بگرێ، سیاسەتێکی شەفاف سەبارەت بە کوردان پەیڕەو کا تا بتوانێت یارمەتی چارەسەریی کێشەی کورد بدا. بە تێرۆریست ناساندنی من و هاوسەنگەرانم کردارێکی بەس بازرگانیی بوو لە لایەن سیاسەتوانانی ئەمریکییەوە بۆ ڕەزامەند کردنی دەوڵەتی تورک.

 
پرسیار: ئەوکات ئێوە پ ک ک تان دامەزراند ئامانجەکانتان جیاواز لە ئێستا بوون. ئێوە ئێستا چیتر بە شوێن کوردستانێکی مارکسیست لێنینیستەوە نین. یەکیەتی سۆڤیەت ئێستا ئیتربوونی نییە. کوردانی سووریا کە لەگەڵ ئێوە ئایدۆلۆژیی هاوبەشیان هەیە، تەنیا هاوپەیمانی ئەمریکا لە سووریان. ئایا ئێوە هێشتا ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی ئەمپڕیالیستی دەبینن کە لەدژی ئارمانج و خەونەکانتان کار دەکا؟ 

 
موراد قەرەیڵان: کاتێک ئێمە پ ک ک مان دامەزراند ماڕکسیست لێنینیزم ڕەوتێک بوو و ئێمە لەژێر کاریگەریی ئەو ئایدولۆژییەدا بووین، بەڵام ئێستا بەرهەڵستی ئەو ئایدیایە بووینەوە، هەر لەبەر ئەوە کاتێک یەکیەتی سۆڤیەت لێکهەڵوەشا، ئێمە خەسارێکی ئەوتۆمان لێنەکەوت چون هەمیشە خۆمان لەوان دوور دەگرت. ڕێبەری ئێمە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ۹ی نۆوامبری ۱۹۹۸دا سووریای بەجێهێشت. بە شوێن ئەوەدا لە ۱٥ی فێبرییەی ۱۹۹۹ لە ئۆپەڕاسیۆنێکدا کە وڵاتانێکی زۆر دەستیان تێدا بوو، ڕفێندڕا.

 
ئۆجالان هەوڵی ئەوە بوو کێشەی کورد بە دیپلۆماسی چارەسەر بێ بەڵام بە دەسگیرکردنی، سەری نەگرت. ئەوە ڕاگەیاندنێکی تری شەڕ لە دژی گەلی ئێمە بوو. گەر ئۆجالان نەگیرابا، دەکرا کێشەی کورد چارەسەر بێ. سەرەڕای هەموو ئەوانە هێشتایش ئێمە پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەکە لەڕێگای ئاشتیحوازانەوە دەکەین. ئێمە هیچکات دۆژمنی ئەمریکا نەبووین. ئۆجالان کاتێک لە زیندانا بوو، پێداچوونەوەی بە زۆرێک لە باوەڕەکانی پارتیماندا کردەوە. ئەو پێداگری لەسەر دیپلۆماسی و کاری ژینگەیی و مافی ژنان دەکاتەوە، ئێمە هەمیشە بۆ ڕێگاچارەی سیاسی ئامادەین. ئێمە کوردانی ڕوژاوا (کوردانی سووریا) و کوردانی ڕوژهەڵات (کوردانی ئێران) بانگهێشت دەکەین تا پێوەندییان لەگەڵ ئەمریکا هەبێ. ئۆجالان جارێکی ڕایگەیاند، یەکیەتی سۆڤیەت هەرەسی هێنا لەبەر ئەوەی ئەوان دێموکڕاسییان نەبوو، بەڵام ئەمریکا بەهۆی دێموکڕاسیەوە مایەوە. ئێمەی کێشەی ئەوەمان نییە پێوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێ، بە پێچەوانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەین کوردانی هەموو پارچەکان هەوڵبدەن پێوەندی باشیان لەگەڵ ئەمریکا هەبێ. بەداخەوە سەرەڕای داکۆکیکردنی ئێمە لە دێموکڕاسی و ئازادی و مافی مرۆڤ، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا هێشتا پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک و هێرشی لەشکری ئەوان بۆ سەر ئێمە دەکەن. هیوادارین ئەمریکا پیاچوونەوە بەو سیاسەتەی خۆێدا بکاتەوە و نیازپاکیی زیاتر لەهەمبەر گەلی کورد بنوێنێ. هەرلێرەوە بانگ لە دەوڵەتی ئەمریکا دەکەین ئێمە لە لیستی تێرۆر بسڕێتەوە. پ ک ک ڕۆڵێ سەرەکیی هەبووە لەوەدا کە پێش بە پەرەسەندنی داعش لە ناوچەکە بگیردرێ. بۆیە هیوادارین ئەمریکا ڕوانگەی سەبارەت بە بزووتنەوەی ئێمە بگۆڕێ. ئەوە وەک ڕووکردێکی دیپلۆماتیک دەبێ کە خێری بە ئەمریکا و هەموو هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکا. 

 
پرسیار: ئەمریکا دەتوانێ ڕۆڵی نێوجیگەری لەنێوان ئێوە و دەوڵەتی تورکیا بگێڕێ، بەڵام لەوانەیە لێتانی بوێ چەک دانێن. مەرجتان بۆ چەکدانان چییە؟ 
موراد قەرەیڵان: بەڵێ ئەمریکا دەتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێ ئەگەر هەوڵی خۆیانی لەسەر دانێن. کاتێک کۆماری تورکیا لە ۱۹۱۹دا دامەزرا، لەلایەن 


دامەزرێنەراوە، فێدراتیڤی کوردستان دانی پێدانرا و بەڵێنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان بە کوردان دا، بەڵام لە ۱۹۲۳دا، کوردستان لەنێوان چوار وڵاتدا پارچە پارچە کرا. ئەمریکا و ئۆرووپا دەتوانن وەک نێوانجی یارمەتی ڕێککەوتنی ئاشتی بدەن هەروا کە یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەی ئیرلەندیان دا. مادەی ٦٦ی یاسای بنەڕەتی تورکیا دەڵێ، هەرکەسێک لە چوارچێوەی تورکیادا دەژی، تورکە. تورکیا بەپێی ئەو مادەیە، لە دژی گەلی ئێمە تاوانکاری ئەکات. نێزیکەی ۲۰ ملوێن کورد لە تورکیا دەژین، دەبێ یاسای ئەو وڵاتە چاکسازی بەسەردا بێ. بەبێ ئەوەی دان بە بوونی کورددا، لە تورکیا، بنرێ، بە بێ ئازادکردنی هەموو دەسبەسەرکراوانی سیاسی، عەبدوڵا ئۆجەلانیشی لەگەڵ بێ، ئێمە ناتوانین چەک دابنێین. 


-پرسیار: بەڵام لە ۲۰۱۳دا بۆ وەلانانی چەک و ڕووکردنە دیالۆگ، لەجێی خەباتی چەکداری، داخوازتان ئەوە نەبوو ئۆجەلان ئازاد بکرێ؟
موراد قەرەیڵان: بەڵێ ڕاستە، ئەوکات دەوڵەتی تورکیا وەڵامی بانگهێشتەکەی ئەوی دایەوە، بەڵام لە دوایدا سیاسەتی توندوتیژییان لەدژی ئێمە دەستپێکردەوە و ئێمە ناچاربووین بەرگری لە خۆمان بکەین.


ڕوانگەی ئەردۆغان، ئێران سەبارەت بە ئیسرائیل:


 سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب ئەردۆغان خەریکی پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتانەیە کە ناوی نۆعوسمانی لێدەنرێ، ئەو هەروەها خەریکە لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی کەڵک دەگرێ. ئا ک پ پارتێکی کەماڵیستە و لە دژی نوعوسمانییە. چۆن دەکرێ لەو ڕیاکارییە تێبگیەن.


-پرسیار: کەواته ئێوه، سەرەڕای دژایەتیتان لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئاتاتورک، زیاتر هەست به نێزیکی لەگەڵ ئەو حیزبانەی وەک ( ج هە پ ) دەکەن که دەکەونه بەرەی سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا، مستەفا کەماڵ (ئاتاتورک)؟

 
موراد قەرەیڵان: ئا ک پ دوکترینی کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن (cpu)پەیڕەو دەکات نەک دوکترینی ئاتاتورک. Cpu   له ۱۹۰۸دا دەستی به چالاکی کرد و تا لێکهەڵوەشانی ئیمپراتووری عوسمانی درێژەی هەبوو.  Cpu  دەیویست ئیمپراتوری عوسمانی بپارێزێت، بۆیه شەڕیان بۆ ئەو ئایدۆلۆژیه دەکرد و له دژی ئەرمەنیەکان، یۆنانیەکان، سریانی و ئاسووریەکان و هەموو کریستانیەکان دەستیان دایه ژینۆساید. ئەردۆغان ئێستا له نێو بەرەی ناسیونالیسته توندڕەوەکاندایه، لەگەڵ حیزبی ( م هه پ) که دژی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و سکیولاریسمه، ئەوان هەردوکیان له ڕێگای بووژانەوەی نۆعوسمانییەوه کار دەکەن بۆ ئیسلامیزه کردنی تورکیا که ئەوەش هەڕەشەیێکی جددی له دژی گەلانی کورد و ئەرمەنی و سریانی و ئاسوورییەکان دەبێت.

 
بڕوانه چۆن له لوبنان، سوریا، یۆنان و باشووری کوردستان دەستێوەردان دەکەن. بڕوانه ئەوان چۆن به لایەنەکانی ئەلقاعیده و ڕێکخراوه ئیسلامیه ڕادیکاڵەکانی تر پشت دەبەستن؟ سەیری پەرچەکردارەکانی ئەردۆغان له هەمبەر ئێمه بکەن، چونکی ئێمه بەرگریمان له ئیزەدیەکان له شەنگال کرد و له دژی داعش بانگهێشتی شەڕمان کرد. کاتێک بێته سەر مەسەلەی کورد، ج هه پ لەگەڵ ئا ک پ هاوڕایه، بەڵام له پرسەکانی تردا ئێمه لەگەڵ ئەوان هاوڕاین، چون ئەوان دژایەتی یەکگرتنی نێوان ( ئا ک پ ) و ( م هە پ )  دەکەن، ئەگەرچی لەسەر پرسی کورد ئەوانه جیاوازییان پێکەوه نییه. 


- پرسیار: من دەمەوێت سەبارەت به ئێران لێت بپرسم. بۆچی ئێوه تەنیا پێداگری له سەر تورکیا دەکەن له حاڵێکدا کورد له ئێرانیش دەچەوسێتەوه؟ ئایا ئێوه نێوانتان لەگەڵ تاران باشتره؟ ئایا پێتان وانییه ئێران له ڕۆژهەڵاتی ناویندا خەریکی دەستێوەردانه؟ 

 
موراد قەرەیڵان: تورکیا تەنیا وڵاتێک نییه که وەک دوژمنی داگیرکەر له کوردستاندا هەڵسوکەوت دەکات، سوریا و ئێرانیش هەمان بەرنامه و تێڕوانینیان سەبارەت به کورد هەیه. تورکیا و ئێران و سوریا هەمیشه له دژی ئێمه چالاک بوونه. ڕاگەیاندنەکانی تورکیا لەو بارەیەوە ڕاست نین. ئێمه له دژی ئێران زۆر چالاکین، ئێرانیەکان زۆر جار هێرش دەکەنه سەر ئێمه. پژاک (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان) و زۆرێک له ڕێکخراوه کوردیەکانیتر هەن که له دژی زوڵم و زۆرەکانی ئێران چالاکی دەکەن، بەڵام ئێمە هەمیشه لایەنگری چارەسەری ئاشتییانه بووین، چ لەگەڵ تورکیا بێت یا لەگەڵ ئێران، کەچی ئەو وڵاتانه به هەموو هێزیانەوە هەمیشه هێرش دەکەنه سەرمان. 


-پرسیار: ئێوه چۆن دەڕواننه ڕێکەوتنی ئاشتی له ڕۆژهەڵاتی ناویندا؟ تورکیا و ئیسڕاییل پێوەندی فەرمییان پێکەوه هەیه کەچی لەهەمان حاڵدا تورکیا لە دژی ڕێکەوتنی ئیبراهمە. وەکو و حیزبێکی کوردی چۆن سەیری ئیسڕاییل دەکەن؟ 


-موراد قەرەیڵان: ئیسرائیل مافی بوونی هەیه و پێویسته جوولەکەکان وڵاتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، هەروەها بۆ فەلەستینیەکانیش. ئێمه داکۆکی له ڕێگاچارەی UN بۆ چارەسەری کێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین دەکەین، به جۆرێک که هەردوولا دەوڵەتی خۆیان هەبێت. لەبەر ئەوه ئێمه لایەنگری پەیماننامەی ئاشتین. ئەوه شتێکی پۆزێتیڤه که پەیمانێکی ئاشتی له نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت. ئێمه بڕوامان به کۆنفدڕالیسم بۆ چارەسەری کێشەکان له خۆرهەڵاتی ناوین هەیه.
خۆرەڵاتی ناوەڕاست پڕپڕە لە خەڵکانی جۆراوجۆر کە پێشینەیەکی کۆنیان لە ڕێککەوتن و پێکەوەژیان هەیە.


پرسیار: داهاتووی ئاگربەس چۆن دەبیندرێ؟

 
هە دە پە کە لە باری سیاسییەوه لە ئێوە نێزیکه، ٥٦ نوێنەری لە پارلمانی تورکیا هەیە. ئەوکات کە پ ک ک دامەزرا، کوردان لە تورکیا له هەلومەرجێکی دژواردا بوون، هەلومەرجێک کە زۆر سەختتر لە ئێستا بوو. بۆچی ئێوە پێداگری لەسەر شەڕی چەکداری لەدژی هێزێکی میلیتاری گەورە وەک تورکیا دەکەن؟ ئایا لە ڕێگای نەرمڕەوانەوە ناتوانن بە ئامانجەکانتان بگەن؟


موراد قەرەیڵان: ئێمە کاتێک لە ۱۹۸٤دا پ ک ک مان دامەزراند، ئەوە شتێک بوو کە بەسەرمان داسەپا، شەڕ هەڵبژاردەی ئێمە نەبوو. تورکیا دیکتاتۆرییەکی لەشکری بوو و زۆری لە خەڵکی ئێمە دەکرد. مەجالی ئەوە بە ئێمە نەدەدرا بچینە بواری سیاسییەوە. خەڵکی ئێمە تەنانەت لە نێو ماڵەکانی خۆیاندا نەیاندەوێرا بە کوردی قسە بکەن. لە بارودۆخێکی وادا ئێمە تەنیا بژاردەیەکمان هەبوو، ئەویش بەرگری لەخۆمان بوو، ئێمە هەتا ۱۹۹۳ درێژەمان بەشەڕ دا. پاش ئەوە ڕێبەری ئێمە، ئۆجەلان و ڕێبەری پی یو کەی جەلال تاڵەبانی، چاوپێکەوتنیان کرد و ئاگربەسێکیان ڕاگەیاند. 

 
بەرگری چەکداری مەسەلەی کوردی کرد بە ڕۆژەڤ ئەوسا ئێمە ڕامانگەیاند کە سەردەمی شەڕی چەکداری بە سەرهاتووە. ئێمە هەمیشە بیرمان لە ڕێبازی نەرمڕەوانە کردۆتەوە. تۆرگوت ئۆزال هەوڵیدا کێشەی کورد بە دیالۆگ چارەسەر بێ، بەڵام دەوڵەتی نهێنی، لە تورکیا، بەری پێگرت. زۆرێک لە هاوکارانی ئەو وەک عەدنان کاڤەجی و ئەشرەف بیتلیس تێرۆر کران. ئایدیاکانی ئۆزال خرایە لاوەو دەوڵەتی تورک دەستی بە شەڕێکی هەمەلایەنە لەدژی ئێمە کردەوە. لەوکاتەوە هەتا ئێستا ئێمە ۹جار دەسپێشخەریمان بۆ ئاگربەس کردووە. هەموو ئەو دەسپێشخەریانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تووشی شکست بوون و هیچکام لە وتووێژەکان نەگەیشتوونە ڕێککەوتن. ئێمە شەڕی چەکداریمان بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕاگرت. لە۲۰۰٥دا دیدارێکمان لەگەڵ نوێنەری پێشووی ئێدارەی un کرد. ئەو ڕاستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ من گرت. ئێمە لە کەناڵی ئەوانەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ، لە ئۆسلۆ، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، لەگەڵ تورکیا لە پێوەندیدا بووین. هەر لەو کاتەدا کە ئێمە پێکەوە دیدارمان دەکرد و باسمان لە ئاشتی دەکرد، تورکیا و سووریا و ئێران پێکەوە لەدژی ئێمە خەریکی ڕێکەوتن بوون. ئەو ڕێکەوتنە دانوستانەکانی پەکخستەوه.

 
لەساڵی ۲۰۱۲دا ڕێبەر ئۆجالان نامەیەکی ئاراستەی سیاسەتوانانی تورک کرد و داوای ئاگربەس و دیالۆگی لێکردنەوە، تورکیاش قبووڵی کرد. ئێمە و ئەوان لە تەلاری دولماباخچە دیسان گەیشتینە ڕێکەوتن و پڕۆسەی چەکدانان دەستی پێکرد. هەژدە ڕۆژ پاش ڕێکەوتنەکە، لە ۱۸ی مارسی ۲۰۱٥ دا ئەردۆغان ڕایگەیاند "هیچ ڕێکەوتنێک لەئارادا نییە، وتی من هیچ زانیاریم لە بارەی ڕێکەوتنەوە نییە" . بەشوێن ئەو قسانەدا، لە مانگی ژوولایدا، هێرشێکی سەربازیی تریان کردە سەر ئێمە کە تا ئێستایش درێژەی هەیە. ئێمە پێداگریمان لەسەر شەڕی چەکداری نییە. بەڵام دەوڵەتەکانی تورکیا شەڕیان دەوێ. ئێمە ئامادەین تا ڕێکەوتنێک واژۆ بکەین و چەک دانێین، بەڵام سەخت دەبێ ئەگەر دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی ئێمە، بیەوێ درێژە بەم سیاسەتانەی بدا. ئێمە حەزمان لە درێژەدانی شەڕ نییە پێمان باشترە کێشەکان بە دانووستان چارەسەر کەین.


پرسیار: بابچینە سەر سووریا. کوردانی سووریا لەپڕ هەلێکی زۆر باشیان بۆ هەڵکەوتووە. ئێستا ئەوان نوێنەرایەتی سیاسییان لە زۆر وڵاتی دنیا هەیە. کوردی بووەتە زمانی فەرمی لە ڕۆژاوای کوردستاندا. ڕێبەرایەتی کوردی سووریا، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، بە ڕێزەوە وەردەگیرێن و لەگەڵ زۆرێک له ڕێبەرانی جیهان دیدار دەکەن. ئایا پێتانوایە کوردی سووریا هێشتایش لەژێر هەڕەشەدایە؟

 
موراد قەرەیڵان: کوردی سووریا لە دژی ئەلقاعیدە و داعش شەڕیان کرد و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە شکستی ئەو ڕێکخراوانەدا بینی. ئەگەر داعش لە کۆبانی و شەنگال شکستی نەهێنایە، ئێستا دەیتوانی هەموو سووریا و عێراق بگرێ لەوێرا هورووژمێکی لە دژی گشت جیهان وەڕێدەخست. ی پ گ و ی پ ژ ڕۆڵێکی بەرچاویان لەو بەرخۆدانە و پاشان هاریکاری لەگەڵ گرووپە سریانی و عەرەبەکاندا هەبوو. ئەوانە هەموو لە چوارچێوەی نۆرم و بەهاکانی فێدراتیڤێکی دێموکراتیکدا یەکیان گرتەوە نە لەسەر بنەمای ئیتنیسیته کە ئەوە ڕەوایەت لە توانای ئەوانە بۆ هاوکاریکردن دەکا. دواتر هێزەکانی سووریای دێموکڕات وەک بەرەیەکی میلیتاری فرە ئیتنیکی دامەزرا. بەڵێ ئەوەی کە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە پایتەختەکانی وڵاتاندا پێشوازییان لێدەکرێ شتێکی باشە نە تەنیا بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. کوردی سووریا و هەموو پارچەکانی تر لەوەی کە دیتیان ئەمریکا پشتی چۆڵ کردن لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی، ئازاریان کێشا. لەم سەردەمەدا پاکتاوێکی ئیتنیکی سەیر، بەشێوەیەکی جینایەتکارانە جێبەجێ دەبێ، ئەویش لەلایەن وڵاتێکەوە کە ئەندامی ناتۆیە و لەوێوە پشتگیری لێدەکرێ. کوردی ڕۆژاوا لە سەردەمێکی نوێدا دەژین، بەڵام هێشتا لەلایەن تورکیا و داعش و ڕێژیمی ئەسەد لە سووریاوە، لەژێر هەڕەشەدان کە ئەوانە لە بەرامبەر هەرچەشنە ئاشتی و دانوستانێکن. پەنجا ملوێن کورد لە سەرانسەری جیهان دەژین کە هێشتا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووکانەوە وەک نەتەوە، دانیان پێدا نەنراوە. تا ئێستا کوردەکان خۆیان وەک قارەمانی دیموکراسی و ئازادی و سێکیۆلاریزم و ئازادی ژنان نیشان داوە و لەدژی هەرچەشنە تێرۆریزمێک خەباتیان کردووە، ئێمە درێژە بەو ڕێگایە دەدەین.


گرووپە پێوەندیدارەکان:

 
پارتی کرێکارانی کوردستان، حیزبێکی میلیتاری سیاسییە کە بانگەشەی ئۆتۆنۆمی زیاتر و مافی کولتووری و سیاسی بۆ کوردانی تورکیا دەکا. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ۱۹۷۸دا لەلایەن ڕێبەری زیندانی عەبدوڵا ئوجالانەوە دامەزرا، لەساڵی ۱۹۸٤ەوە دەستی داوەتە خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا.

 
ئا ک پ:
پارتی داد و گەشەسەندن حیزبێکی کۆنسێرواتیڤی ئیسلامی سیاسییە کە لە ۲۰۰۲دا دامەزرا و داکۆکی لە نەریتەکانی تورکیای عوسمانی و تایبەتمەندییه ئیسلامییەکانی دەکا. ئەو پارتە لە ساڵی ۲۰۰۲ەوە بەرەدەوام لە دەسەڵاتدا بووە. لەشەش هەڵبژاردنی ڕابردوودا چەندین جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لەلایەن سەرکۆماری ئێستای تورکیاوە " ڕەجەب ئەردۆغان" ڕێبەرایەتی دەکرێ.

 
ج هە پ:

پارتی کۆماری خەڵک، حیزبێکی کەماڵیست، سێکیۆلار، ناسیۆنالیست و سۆسیال دێموکراتە لە تورکیا. کۆنترین حیزبی سیاسییە لەو وڵاتە و ئێستاکە سەرەکیترین ئێپۆزسیۆنی پارلمانی لەبەرامبەر ئا ک پ دا پێکهێناوە، دیارە وەک حیزبێکی کەماڵیست لەکۆنەوە، لەدژی خەونی جیاییخوازی کورد و پ ک ک دەجووڵێتەوە.

 
هە د پ:

 
پارتی دیموکڕاسی گەل، چەپگەراترین حیزبی سیاسی کەمینەیه لە تورکیا کە لایەنگری دێموکڕاسی و فێمینیزم ومافی lGBT یەکان دەکا. ئەو پارتە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ خوازیاری ئەوەیە کۆتایی بهێنرێ بە هەڵاواردن و دەستەبەندی کورد و تورک. ئەو پارته لەلایەن ئا ک پ ەوە تۆمەتبار دەکرێ کە لایەنگریی و پێوەندیی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە.

 
م هە پ:

 
حیزبی حەرەکەتی نەتەوەیی، ڕاستگەراترین پارتی ناسیۆنالیستیی تورکە، پێداگری لەسەر سروشتی ئاسمانی دەوڵەتی تورک دەکا و لایەنگری وێرژێنێکی ناسیۆنالیزمی تورکییە، بە پۆششێکی ئیسلامی میانەوە.

لینکی چاوپێکەوتنەکە..
* ئەم چاوپێکەوتنە لە ٢٧ /١١ /٢٠٢٠دا ئەنجام دراوە

 


PM:08:32:28/02/2021