بەرهەم ساڵح لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە


لەدوای کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەفدی هەرێم، سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند" پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم وبەغدا دەبێت لەسەر بنەمای دەستوری ئێستا بێت، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی کۆمەڵگای عێراقە، بەدەست ئاوارەبوون، نەبوونیی وشەڕی لەناوبردنەوە ناڵاندویەتی".

 ئەمشەو ١٧ ی ئازار مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ولایەنە کوردییەکان لەماڵی سەرۆک کۆمارلە بەغدا کۆبوونەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆزە کە ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق سەریهەڵداوە کە لە ئاکامدا بووەتە دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە.  

لەمیانەی کۆبونەوەکەدا، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند "پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای دەستوری ئێستا بێت، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی کۆمەڵگای عێراقە، بەدەست ئاوارەبوون، نەبوونی و شەڕی لەناوبردنەوە ناڵاندویانە.  

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت "پێدەچێت دەستورلە دید و راڤەکردنیدا لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، بەڵام لەکۆتایدا دەبێت پرسەکان چارەسەر بکەین، ئەم پەیوەندییە کە ئێستا هەیە  ناتەندروستە پڕە لەکێشە، بۆیە چیتر شیاوی ئەوە نییە  ئەم دۆخەی ئێستا پێ تەواو بکرێت".  

سەرۆک کۆمار جەختیلەوەکردەوە "پێویستە گفتۆگۆکی نیشتمانی بەشێوەیەکی  بنچینەیی ئەو کێشانە چارەسەر بکات".  



PM:10:46:17/03/2021