نوسەری دیاری عەرەب نوال سەعداوی کۆچی دوایی کرد

نوسەری بەناوبانگی میسری و عەرەبی نەوال سەعدوای رۆژی یەک شەممە بەهۆی نەخۆشیەوە لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا گیانی لە دەستدا.

زانیارییە رۆژنامەگەرییەکان باس لەوە دەکەن کە سەعداوی بەهۆی نەخۆشیەکەوە کە لەم دواییەدا تووشی بووە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی میسر گیانی لە دەستداوە.

رۆژنامەی ئەهرامی میسری لە زاری منی حلمی کچی نوال سەعداویەوە بڵاویکردۆتەوە کە ماوەیەکە بەهۆی نەخۆشیەوە دایکی نەیتوانیووە خواردن بخوات و، پزیشکەکان لە رێگای بۆریەوە خواردنیان بۆ داناوە.

نەوال سەعداوی لە ساڵی ١٩٣١ لە دایکبووە. پزیشک و نوسەرێکی رادیکاڵی بواری مافی ژنان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان و مافی مرۆڤ بووە لە جیهانی عەرەبیدا.

بە یەکێک لە نوسەرە هەرە دیارەکانی میسر و وڵاتانی عەرەبی هەژمار دەکرێت، چەندان خەڵاتی عەرەبی و جیهانی وەرگرتووە.

لەساڵی ٢٠١٥ سەردانی باشووری کوردستان و لە نێویشیاندا قەندیلی کردووە  کە سەردەمی شەڕی کوبانی بوو، ئەو یەکێک بووە لەو نوسەرە گەورانەی عەرەب کە رێز و سەرسوڕمانی خۆی بە گەریلا و شەڕڤان و پێشمەرگە ژنەکانی کوردستان دەربڕیووەو پاڵپشتی خۆی بۆ دووپاتکردوونەتەوە. 



PM:07:52:21/03/2021