تورکیا سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بەسەر (چیچەک کۆبانێ)دا سەپاند

چیچەک کۆبانی ئەو شەڕڤانەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بوو کە لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بە برینداری بەدیل گیرا، لەئێستادا پێنجەمین دادگای سزا قورسەکانی رووها سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاندووە.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، دوێنێ سێشەممە شەشەمین دانیشتنی دادگایکردنی دۆزگین تەمۆ ناسراو بە چیچەک کۆبانێ لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا دادگا دوای دووساڵ لە دەستگیرکردنی سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند.

لەوبارەیەوە هیدایەت ئەنمەک، پارێزەری چیچەک کۆبانێ کە لە دانیشتنەکەی دادگادا ئامادە بوو ڕایگەیاند" لە دانیشتنەکانی پێشووی دادگادا داوامان کردووە، بەڵام بەڵگەکان لەبارەی شێوازی گرتن و دەستبەسەرکردنی چیچەک کۆبانێ نەخراونەتە نێو دۆسیەکە، ئەوەش لەکاتێکدایە چیچەک نزیکەی دوو ساڵە لە تورکیا بەند کراوە و لە گرتووخانەی داخراوی جۆری Tی روها دایە".

چیچەک کۆبانێ، لەدایکبووی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی کاریگەری بینیووە لە ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، لەدەست پێکی هێرشی سووپای توورکیا گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی "چیچەک " بەرگرییەکی بێ وێنەی ئەنجامدا، ڕۆژی ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە گوندی "میشڕافا" لە ناحییەی "عین عیسا" بەبرینداری کەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا. 


PM:01:34:24/03/2021