بەرهەم ساڵح یاسای بودجەی (٢٠٢١)ی پەسەند کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢١ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق یاسایی بودجەی (٢٠٢١)ی پەسەند کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح واژۆی لەسەر یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ کرد و جەختیکردەوە لەوەی پەسەندکردنی یاساکە بەئامانجی گەرەنتیکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی گەل، دابینکردنی موچە فەرمانبەران، خانەنشینان و خەرجییەکانی حکومەت بووە، بەجۆرێک بتوانرێت دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق و پێکهاتەکان دابین بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، جەخت دەکەنەوە لەسەر پێویستی چاکسازی دارایی و پشتیوانی کەرتە جیاوازەکانی ئابوری بەئامانجی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنیان.

جەختیشکردەوە، پەسەندکردنی یاسای بودجە هەنگاوێکە بەئاڕاستەی دابینکردنی مافی هاوڵاتیان و لەسەر فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیش پێویست دەکات برگەکانی یاساکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە بەجۆرێک وەڵامدەرەوەی پێداویستی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بێت.


PM:02:23:08/04/2021