پشکى هەرێم لە بودجەی (٢٠٢١) ئاشکراکرا

ئەندامێکى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر هەرێم پابەندى ڕێکەوتنى بودجە نەبێت حکومەتى ناوەند پشکى هەرێم نانێرێت".

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە" پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ١٣.٥٪ دەبێت".

وتیشی" سەرەتا دەبێت هەرێم پابەندى هەموو مادەکانى بودجەکە بێت کە ڕێککەوتنى لەسەر کراوە، چونکە هیچ بەدەستناهێنێت بڕینى پشکى نەوتى هەرێم نەبێت لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت هەرێم ڕۆژانە نیوەی داهاتی ناوخۆ و بەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عیراق بکات، تاوەكو پشكەكەی لە بودجە ڕەوانە بكرێت.

ڕێزان شێخ دلێر جەختیشکردەوە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بەغدا شایستە داراییەکانى ڕەوانە ناکات و ڕێگرى لەوەش دەکات کە هەرێم نەتوانێت نەوت هەناردە بکات.  


PM:09:30:09/04/2021