ئەمڕۆ شەممە لە كۆشكی سەلام د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیكرد لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان گفتوگۆكرا، بەتایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم رووەوە دووپاتکرایەوە كە پێویستە زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بڕەخسێت كە گوزارشتی راستەقینەی ئیرادەی دەنگدەران بێت لەپێناو تێپەڕاندنی قەیران و ناكۆكییەكانی ئێستا و زامنكردنی سەقامگیری و ئارامی لە داهاتوودا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بەگرنگییەوە باس لە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرا، تەئكیدیشكرایەوە كە پێویستە بودجە لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی ژیان و مووچە جێبەجێ بكرێت، هاوكات ئاماژە بەوەدرا كە پێویستە ئەمە سەرەتای گفتوگۆیەكی بونیاتنەرانە بێت بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكانی نێوان و حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بەگوێرەی دەستوور.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەگشتی كرا، لەم رووەوە تەئکید لە یەكخستنی هێز و تواناكان و نزیكردنەوەی بیروبۆچوونی هێز و لایەنە ناكۆكەكان كرایەوە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی هەڕەشە و مەترسییەكان.