لەسەر ئاگرکەوتنەوە لەنەخۆشخانەى ئیبن خەتیب کازمی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای لەکار دورخستەوە

لەسەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەنەخۆشخانەى ئیبن خەتیب، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزیری تەندروستی و دوو بەرپرسی باڵای لەکار دوورخستەوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا کە تایبەت بوو بە روداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خه‌تیب چەندی بڕیارێکی دەرکردوە، لەوانە هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیری ته‌ندروستی و پارێزگاری به‌غدا و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ڕه‌سافه‌ی له‌ كاره‌كانیان دوورخسته‌وه‌.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە لە ماوەی پێنج رۆژ لێکۆڵینەوەکان لەبارەی روداوەکە تەواوبکرێت و راپۆرتێک پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.

درانگانی شەوی ڕابردوو بۆرییەکی گەیاندنی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە نزیک بەرزە پردی دیالە لە باشووری بەغدا تەقیەوە، بەهۆیەوە نەخۆشخانەکە لەئێستادا چۆڵکراوە، هاوکات زیانێکى گەورەى ماددى و مرۆیى لێکەوتەوە.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند" ٨٢ کەس بەهۆی روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغداد گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ کەسی دیکەش برینداربوون".


PM:03:22:25/04/2021