پەرلەمانتارێک: لەدەروازەی حاجی ئۆمەران دیاردەیەکی مەترسیدار هەیە، پێویستە حکومەت بە زووی پێشی پێبگرێت

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا (دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدار)ی سنووری ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران ئاشكراده‌کات و ڕایدەگەیەنێت" لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران دیاردەیەکی مەترسیدار هەیە، کە پێویستە حکومەتی هەرێم بە زووی پێشی پێبگرێت بۆ کارئاسانی کۆتایهێنان بە لێبڕنی مووچە".

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (وەزیری دارایی ئەمە بۆ؟) ئاماژەی بەوەکردووە" لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران دیاردەیەکی مەترسیدار هەیە، کە پێویستە حکومەتی هەرێم بە زووی پێشی پێبگرێت بۆ کارئاسانی کۆتایهێنان بە لێبڕنی مووچە، لە ئێستادا دوو کۆمپانیا کە شیش و بەردی پوکە، کە بۆ دروستکردنی بلۆک بەکار دەهێندرێت، داخڵ دەکەن، لێخۆشبوونی فەرمییان لە لایەن حکومەتی هەرێم و وەزارەتی داراییەوە بۆ دەرکراوە".

ڕاشیگەیاندووە" لە کاتێکدا کۆمپانیای شیشەکە، ڕۆژانە نزیکەی ٢٠-٢٥ بارهەڵگر داخڵی هەرێم دەکات، کە بۆ هەر باڵهەڵگرێک (٢٣) تۆن شیش هەڵدەگرێت؛ واتا لە ماوەی مانگێکدا، (٦٠٠) بارهەڵگر زیاتر داخڵ دەبێت و ئەم ڕێژەیەش دەکاتە (١٣،٨٠٠) تۆن، و گومرگی هەر تۆنێک شیش بریتییە لە (١٢٠) دۆلار. کۆی گشتی پارەکە دەکاتە، (١.٥) ملیۆن دۆلار بەرەو ژوور و بۆ سێ مانگ دەکاتە نزیکەی (٤-٥) ملیۆن دۆلار".

کاروان گەزنەیی لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا ئاشکراشیکردووە، هەمان هاوکێشە بۆ بەردی پوک دروستە. کۆمپانیای بەخشراو ڕۆژانە (١٠-١٥) بارهەڵگر داخڵ دەکات، واتا نزیکەی (٢٥) تۆن لە مانگێکدا و گومرگی هەر تۆنێک (٤٠) دۆلارە بە ڕسوماتەوە و پارەکەی دەکاتە سەرووی چەندان ملیۆن دۆلار، پێکەوە داهاتی گومرگی بەخشراوی ئەم دوو کۆمپانیایە چەندان ملیۆن دۆلار دەکات و حکومەت بە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی بەخشینی هەمیشەیی بۆ دەرکردوون. ماوەکانی ڕابردوو تا چەند ڕۆژێک پێش مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ئەم بارهەڵگرانە بە بەردەوامی داخڵبوون، و ئێستا گومان دەکرێت لەبەر مانگی ڕەمەزان وەستێندرابێتن. 

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەر حکومەت ئەم جۆرە تاڵانییە و دەیانی دیکەی هاوشێوە لە خاڵە سنوورییەکان کۆتای پێبهێنێت، دەتوانێت مووچە بە زیادەوە دابەش بکات، هەرچەندە ئێستاش داهات بە زیادەوە لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچە بەبێ لێبڕین. ئەگەر بەزووی ئەم تاڵانییە کۆتای پێ نەهێندرێت، سکاڵا لەسەر وەزارەتی دارایی تۆمار دەکەم بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدەن بە ڕای گشتی کە ئایا لە بەرامبەر چی لێخۆشبوونییان بۆ ئەم دوو کۆمپانیایە دەرکردووە و بەڵگەی تەواویشم لەبەردەستە. 


AM:09:37:27/04/2021