سەنتەری میترۆ: هەڕەشەی شاربەدەركردن لە رۆژنامەنوسان، ناوبانگی هەرێم لە بواری ئازادی راگەیاندن لەكەدار دەكات

سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵسوكەوتی مەفرەزەیەكی ئاسایشی كۆیەو و پاسەوانی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە لە دوو كاتی جیادا لە قەزای كۆیە و شاری هەولێر روویاندا، و داوا دەكات دەزگا بەرپرسەكان لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكەن، دەشڵێت" هەڕەشەی شاربەدەركردن لە رۆژنامەنوسان، ناوبانگی هەرێم لە بواری ئازادی راگەیاندن لەكەدار دەكات". 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ لەكاتی روماڵی روداوێكی  هاتوچۆ،  لەلایەن ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر- كۆیە ڕێگری لە خالید محمد ـ پەیامنێری كەناڵی NRT ، هەژار رەشید پەیامنێری رۆژنیوز و كەی ئێن ئێن كرا، بە پێی لێدوانی ئەو دوو رۆژنامەنوسە بۆ میترۆ، سوكایەتی بە هەردوكیان كراوەو لێیان دراوەو كەل و پەلە رۆژنامەوانیەكەیان دەستی بەسەردا گیراو، دوو كاتژمێر دەستەبسەر كراون، بەمەشەوە نەوەستاون دواتر پێیان وتراوە، ئەگەر ئەم بابەتە بگەێنینە دەرەوە "لە كۆیە شاربەدەریان دەكەین".

ئاماژەی بەوەشکردووە" هەروەها لە بەردەم بینای پەرلەمانی كوردستان رێگری لە روماڵی هەردوو كەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئاژانسی وڵات كراو مامەڵەیەكی توندییان بەرامبەر كرا، سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئەو مەفرەزەیەی ئاسایشی كۆیەو و پاسەوانی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە لە دوو كاتی جیادا لە قەزای كۆیە و شاری هەولێر روویانداوە، داوا دەكات دەزگا بەرپرسەكان لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكەن". 

سەنتەری میترۆ لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیشیکردۆتەوە، هەڕەشەی "شاربەدەركردن" بەكارهێنانی زەبروزەنگ و تۆقاندن و رێگری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەوەندەی تر ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە بواری ئازادی راگەیاندن لەكەدار دەكات و میدیاكاران سورتر دەبن لە گەیاندنی پەیامەكانیان، لێدانی رۆژنامەنوس بە بەرچاوی دەیان كەس لە شاری كۆیە و پاشان هەڕەشەكردن بە دەركردنیان لەشارەكە ئەگەر باسی روداوەكە بكەن، دەبێت دەزگا بەرپرسەكان بجوڵێنێ و رونكردنەوە بۆ رای گشتی بدەن.

ڕوونیشیکردەوە، رۆژنامەنوسانی كوردستان لەهەموو كات زیاتر پێویستیان بەڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و هاندەر بۆ كارەكانیان هەیە، ژینگەیەك زامنی ئازادی رادەربڕین و گەیشتن بەسەرچاوەكانی زانیاری بكات، تابتوانن زانیاری بۆ خەڵك بگوازنەوەو ببنە هاوبەش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی.


PM:01:48:28/04/2021