سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، پێشوازی لە د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كرد.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە كە جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بون، لە كۆبونەوەكەدا دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چۆنیەتیی زەمینەخۆشکردن لەبەردەم پرۆسەکەدا کە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەل و هەمو پێکهاتەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکات.
لە کۆبونەوەکەدا داکۆکی لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆو لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کرایەوەو بەگرنگییەوە باس لەدوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداو کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەو لایەنە عیراقییەکان کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتمانی و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچونەکان کرا بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و یەکخستنی هێزو تواناکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەرو پێشهاتەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بو، تیایدا جەخت لەوە کرایەوە کە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە ناکات.