شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رەخنە لە چۆنێتی دانانی کاندیدەکان دەگرێت

ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رەخنە لە سەرکردایەتی حیزبەکەی دەگرێت لە دانانی کاندیدەکانیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق و دەڵێت" نە جاران واو نە ئێستاش وا".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نووسینێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا بەناونیشانی " کاکە نەوا و نەواش" نووسیوویەتی" لەچەند ساڵی ڕابردووەوە تا وەکو پێرێ ، یەک لەکێشە گەورەکانی ناو یەکێتی دزە پێکردنی هەواڵ بووە ، زۆر جار هەر لەناو کۆبونەوەکانەوە هەموو وردەکاریەکانی ناو دانیشتنەکە بەئەنواعی ترش و خوێ و بەهاراتی جۆراوجۆرەوە دزەی پێ ئەکرا و بڵاوئەکرایەوە …".!

لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت "شوکور بۆ خوا پێ ئەچێت کە یەکێتی چارەسەری ئەو کێشەیەی کردبێت و ئەوەتا ئەوەندە ( سڕ قایم ) و نهێنی پارێز بوو بێت کە تەنانەت ناوی کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی عێراق نەک هەر نەداتە کارگێر و مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی بەڵکو نەشیداتە خودی کاندیدەکانیش"!.

لە کۆتاییدا دەڵێت " هەقی خۆیەتی نانێک بخوێن و دە نان بکەینە خێر بۆ کاکە مارک زوکەربێرگی خاوەنی فەیسبووک ، خۆ ئەگەر فەیسبووک نەبووایە قەد نەمان ئەزانی پەیوەندی نێوان حزبەکەمان و مۆزەمبیق لە چ ئاستێکدایە و هاوپەیمانێتیەکەمان لەگەڵ کیم جونگ بەکوێ گەیشتووە".

لە دوو رۆژی رابردوودا رەخنە لەسەر چٶنێتی دانانی کاندیدەکانی یەکێتی، هەروەها لەسەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕان گیرا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بێ ئاگای خۆی رادەگەیەنێت و بەناراستەوخۆ دەیخاتە ئەستۆی هاوسەرۆکان.



PM:10:54:03/05/2021