حكومەتی هەرێم وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی سزادراوانی بادینان دەداتەوە

نووسینگەی ڕێكخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی سزادراوانی بادینان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت" دادگا سەربەخۆیە لە حكومەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست لە پڕۆسە یاساییەكان وەرنادات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم باسی لەوەکردووە، دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانییەوە نەبوە.

دەقی راگەیەندراوەكە: 

وەڵام بۆ لێبوردنی نێودەوڵەتی

ڕۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج دەستگیرکراودا سەپاند. دوای ئەوەی پەڕاوەکانیان راپێچی دادگای پێداچونەوە کرا، دادگای پێداچونەوە بڕیارەکەی پەسەندکرد. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەند نیگەرانییەکی لەبارەی پەسەندکردنی بڕیارەکە لەلایەن دادگای تەمییزەوە خستۆتەڕو. 

دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانییەوە نەبوە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوانباربون بە کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و گواستنەوەیان بۆ رێکخراوێک کە زۆرجار بەشداری لە چالاکی تیرۆریستیدا کردوە، بەمەش ژیانی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و بیانیان لە هەرێمی کوردستان خستۆتە مەترسییەوە. 

وەک تۆمەتبار لەناو هۆڵی دادگا، لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتیان کراوە. هەروەها، چاویان بە پارێزەرەکانیان کەتوە لە کاتی ڕاگرتن بەر لە دادگای له دادگای تاوانی هەولێر. 

ڕاستەوخۆ دوای دادگایی، دادگای تاوانەکان پەڕاوە یاساییەکانیان گواستەوە بۆ دادگای پێداچونەوە، کە خاوەنی دوا بڕیارە بۆ پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی بڕیارە یاساییەکان. دادگای پێداچونەوە بڕیاری دادگای تاوانی لە 6 ی ئایاری 2021 دا پەسەندکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دوابەدوای پەسەندکردنی بڕیارەکە، تۆمەتباران 30 ڕۆژیان هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن، دوای ئەوە دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لە کەیسەکە بدات. لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لێبوردنی تایبەت دەربکات.

کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سور (ICRC) و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەستگەیشتنیان بە دەستبەسەرکراوەکان هەبوە. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی ڕاگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ یونامی و نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ کاردەکات بۆ دڵنیابون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەند بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا. 

نوسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان


AM:12:24:11/05/2021