پارێزگاری هەولێر لەسەر هێرشکردنە سەر خێزانێکی کورد داوای رونکردنەوە لە کونسوڵی تورکیا دەکات

پارێزگای هەولێر رونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشکردنە سەر خێزانێک لە وڵاتی تورکیا بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" وەك پارێزگای هەولێر بەهەمووشێوەیەك كاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێك و بڕوبیانیویەك بێت لەلای ئێمە قەبوڵكراو نییە و كارێكی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەركۆنەی دەكەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێك هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت". 

لەبەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەدا پارێزگاری هەولێر داوا لە كونسڵخانەی گشتی وڵاتی توركیا لە هەولێر دەكات بەفەرمی بۆ ڕایی گشتی ڕوونكردنەوە بدات و هۆكاری پەلاماردان و هێرشكردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەكەیان ڕوونبكاتەوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەك كەتێیدا خێزانێكی شاری هەولێر، لەلایەن چەند كەسێكەوە لەوڵاتی توركیا و لەنێوان هەردوو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەكی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەكرێتەسەر و لێیان دەدرێت، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بەو خێزانە و كەس و كاریانكرد و دڵنیایكردنەوە كە لەگەڵ لایەنە فەرمییەكان لەسەر هێڵدەبێت بۆ دەستگیركردنی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان و ڕایگەیاند: "ئێوە كەس و كاری ئێمەن و لەهەر شوێن و جێگەیەك بێت كردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشاریانی خۆمان قەبوڵناكەین و بەتوندی سەركۆنەی دەكەین”، پاشان لەبارەی ئەو كەیسەوە بەڕێز پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كونسڵی گشتیی وڵاتی توركیا لەهەولێر كرد و داوای لێكردن:-

یەكەم/ داوا دەكەین لەزووترین كاتدا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بكرێتەوە و لەڕێگەی یاساوە هۆكاری ئەو پەلاماردان و هێرشكردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەكلابكرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن.

دووەم/ داو لەكونسڵخانەی گشتیی وڵاتی توركیا لە هەولێر دەكەین، بەفەرمی بۆ ڕایی گشتی ڕوونكردنەوە بدات و هۆكاری پەلاماردان و هێرشكردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەكەیان ڕوونبكاتەوە.

سێیەم/ وەك پارێزگای هەولێر، بەهەمووشێوەیەك كاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێك و بڕوبیانیویەك بێت لەلای ئێمە قەبوڵكراو نییە و كارێكی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەركۆنەی دەكەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێك هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2021.5.14


PM:01:50:14/05/2021