عومەری سەید عەلی: یەکڕیزی لەکوێ بێنین لەکاتێکدا دوو ئیدارە، دوو هێزی چەکدار و دوو ئاسایشمان هەیە

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور، وتی" یەکڕیزی لە کوێ بێنین لە کاتێکدا دوو ئیدارەمان هەیە، دوو هێزی چەکدار و دوو ئاسایشمان هەیە".

لە پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا کە سەرکردەی حیزبە سەرەکییەکان بەشداربوون، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان وتی "بە دڵنیاییەوە یەکڕیزی دەستەبەرکەری دەستوورە. زۆرێک لەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەو رێنماییانەی لە حکومەتەوە دەردەچن جێبەجێ ناکرێن، ئەمەش لە ئەنجامی نەبوونی یەکڕیزییە."
 
رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو دوو هێزە سەرەکییە لێی بەرپرسیارن کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. بە درێژایی ئەو ٣٠ ساڵە ئەو دوو لایەنە لێی بەرپرسیارن. ئەوان دەتوانن یەکڕیزی دروست بکەن و هەر ئەوانیش دەتوانن ئەو یەکڕیزییە تێک بدەن."
 
عومەر سەید عەلی جەختی لەوە کردەوە کە هێزە مام ناوەندەکانی دیکە ئەو رۆڵەیان نییە لە تێکدانی ریزەکانی گەلەکەمان، بۆیە یەکڕیزی زۆر پێویستە، ئێمە ئەگەر یەکڕیزیمان نەبێت دەیان دەستوور بنووسینەوە هیچی لێ جێبەجێ نابێت و دەبێت لە رەفەدا دایبنێین وەکو هەموو ئەو یاسایانەی کە هەن.
 
عومەر سەید عەلی گوتیشی: "یەکڕیزی لە کوێ بێنین لە کاتێکدا دوو ئیدارەمان هەیە، دوو هێزی چەکدارمان هەیە، دوو ئاسایش و دوو پەروەردە و دوو تەندروستی و دوو داراییمان هەیە؟ یەکڕیزی لە کوێ دروست دەبێت؟"
 
رۆژی چوارشەممە ١٩ ی ئایار، سەنتەری زانکۆی کوردستان-هەولێر بۆ توێژینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کۆنفرانسێکی تایبەت بە ناونیشانی ''یەکڕیزی و دەستوور'' رێکخست بە ئامادەبوونی سەرکردەی حیزبەکان و  نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ژمارەیەک لە توێژەر و ئەکادیمی و ٢٩ قونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدادەکەن.



PM:03:38:19/05/2021