سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەوازێکی بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕاگەیاند

سەرۆکی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت" داواکارین لە هەموو لایەک رۆژی ٢٥ ی مانگ کاتژمێر ١١ کۆبونەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری ئەنجام بدرێت تایبەت بە دیاریکردنی کات و بەرێوەبردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری گشتی".

شاسوارعەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبانگەوازێکدا کە ئاڕاستەی (سەرجەم هێز و لایەنە ناڕازییەکان، هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، گروپ و رێکخراو و سەرجەم مامۆستایانی ناڕازی هەموو گروپ و لایەن و تاکە ناڕازییەکانی دیکە)ی کردوە ئاماژەی بەوەکردوە" داواکارین لە هەمووان، لەم دۆخە قورسەی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانی تێدایە و بۆئەوەی خۆپیشاندانەکان نەبنە خۆپیشاندانی حیزبی و تاک لایەنە، داواکارین لە هەموو لایەکتان. رۆژی ٢٥ ی مانگ کاتژمێر ١١ کۆبونەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری ئەنجام بدرێت تایبەت بە دیاریکردنی کات و بەرێوەبردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری گشتی لە هەرێمی کوردستان". 

دەشڵێت" ئەوانەی پێیانوایە ئەمە موزایەدە یاخود بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەوە هیوادارین ئەو بەرێزانە پێش بکەون و بیکەنە بانگەشەیەکی شەریفانە بۆ خۆیان، ئەوانەشی پێیانوایە ئەمە دەبێتە خۆپیشاندانی حیزبی، ئەوە با ئەو بەرێزانە بفەرموون و ئەوان هەڵسن بە کارەکە و ئێمە پشتیوانیان دەبین بە هەموو جۆرێک".

سەرۆکی نەوەی نوێ باس لەوەش دەکات، میلەتەکەمان و خەڵکی هەرێمەکەمان لە ئێستادا بە ئاشکرا زوڵمیان لێ دەکرێت، بە ئاشکرا مافیان دەخورێت، گەنجانێکی زۆرمان بێکارن، ژنان و ئافرەتانمان لە ماڵەوە بێ هەلی کار و بێ هیوا کراون، سەرباری ئەوەی داهاتی هەرێم لە ئێستادا دوو هێندەی  مووچەی فەرمانبەرانە، کەچی هێشتا مووچە بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت، بۆیە ئەرکی ئەخلاقی سەرشانی هەموومانە هەڵوێستمان هەبێت لە پێناو خەڵکی خۆماندا، لە پێناو داهاتوویەکی باشتر. 

دەشڵێت" تکایە، ئیتر قبوڵکردنی زوڵم بەسە، ئەمە دەبێت کار و داواکاری هەموو لایەک و هەموو کەسێک بێت، نەک داواکاری تەنها هێزێک یاخود تەنها کەسێک، ئەگەر دەتانەوێت کوردستان خۆشتر بێت و ئێوە ژیانتان باشتر و خۆشگوزەرانتر بێت، ئەوە بفەرموون با هەمومان پێکەوە بەم کارە هەڵسین، دڵنیاین ئەم هەڵوێستانە بۆ مێژوو دەمێننەوە". 


PM:09:12:23/05/2021