ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە سلێمانی بەنزینخانە بە شێوەی نایاسایی و بە تەنیشتی ماڵەوە دروستدەکرێت".
دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەڕیزی مەتاری سلێمانی و بەرامبەر بەنزینخانەی دەروازە، ڕێگەپێدان بۆ کردنەوەی بەنزینخانەیەک کراوە، خەزانی بەنزین و غاز و گازەکەی، ٣ مەتر لە ژوری نوستنی ماڵێکەوە دورە، جگەلەوەی بۆری ئاوی سلێمانی-دوکان بەژێریدا دەڕوات".
دەشڵێت، مۆڵەت و ڕێگەپێدان و کردنەوەی بەنزینخانە، چەندین مەرج و پێوەر و ڕێنمایی ھەیە :-
١ - سەنتەری شار قەدەغەیە
٢ -لەناو سەنتەرەخزمەتگوزارییەکانی: گەڕەک، کۆمەڵگا نیشتەجێکان قەدەغەیە
٣ - لەسەر شەقامە مەحەلیەکانی ناو گەڕەکە نیشتەجێکان قەدەغەیە
٤ -وێستگەی سوتەمەنی تر، بەرامبەر ٢٥٠ مەتر کەمتر نەبێت
٥ -پێویستە لەکاتی دانانی بەنزینخانە ڕەچاوی محرەماتی بۆری گواستنەوەی ئاو بکرێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وتووە، واژۆی پارێزگار و چەند فەرمانگەیەک شوێنی یاسا و بڕیار و ڕێنماییەکان ناگرێتەوە(( ھەر کارێکی نایاسایی بە چەند واژۆیەکی تەنسیق! نابێتە یاسایی))، ئەم دۆسیە و چەند دۆسیەیەکی تری ھاوشێوە، لەگەڵ ئاشکراکردنیان، ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی دەکەین، بۆ لێکۆڵینەوە لەو واژۆیانە و موتابەقەی بەیاسا و بڕیار و ڕێنماییەکان.