میترۆ: توشی شۆك نابین كاتێك گومان دەخەنە سەر چالاكییەكانمان

سنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان دەڵێت" توشی شۆك نابێت كاتێك میدیای بەكرێگیراوی دەزگای ئەمنی و هەوڵگری و چالاكوانی چالاك بە پارەی حزب و گەندەڵی و قاچاخچێتی نەوت و مەرزەكان، هەڵمەت دەكەن و گومان دەخەنە سەر كارو چالاكییەكانمان".

لە راگەیاندنێکدا بۆ رای گشتی سەنتەری میترۆ دەڵێت " ئێمە كاری رێكخراوی مەدەنی دەكەین، حزب و پرۆژەی سیاسی نیین، ئەوەی دەیەوێت حكومەت بروخێنێت بە رێگای خۆی، رێگای ئێمە چاودێری و فشارە، پیشاندانی كەلێن و كەموكورتی و پێشێلكارییە".

دەقی راگەیاندنەکە..

بۆ رای گشتی ..

دەربارەی كچان و كورانی میدیای هەواڵگری میترۆ رێز لەرەخنەی هەموو ئەو كەسانە دەگرێت كە ئامانجی باشكردن و ئەكتڤیبوونی میترۆیە بۆ بەرگری زیاتر لە ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین، ، پێشوازی لێدەكات، ئەزمونمان دەوڵەمەند دەكات و بە هەڵەكانماندا دەچینەوە، هێزمان پێدەبەخشێ، ئەوانە هاورێ و هاوكارمانن، سوپاسیان دەكەین.

میترۆ توشی شۆك نابێت كاتێك میدیای بەكرێگیراوی دەزگای ئەمنی و هەوڵگری و چالاكوانی چالاك بە پارەی حزب و گەندەڵی و قاچاخچێتی نەوت و مەرزەكان، هەڵمەت دەكەن و گومان دەخەنە سەر كارو چالاكییەكانمان، ئەوە ئەركیانە ئەگەر بەجێی نەگەیەنن، پولێك وەرناگرن. میترۆ درك بەوە دەكات كچان و كوڕانی دەزگای هەوڵگری و ئەمنی، كاسپی و مەسرەفی رۆژانەیان، موچەی مانگانەو ژیانیان، بۆ دروستكردنی گومانە لەسەر رێكخراو و كەسایەتی چالاك و سەربەخۆ، ئەوانە گوزارشت لە رەوشتی خۆیان دەكەن، ئێمە لە دانیشتنی رەسمیدا راشكاوانە بە كارەكتەرە دیارەكانی ئەو دوو حزبانەمان ووتوە: ئەم موتیعانە ئەمرۆ لای ئێوەن سبەینێ لای ئیتلاعات و میت و حەشدی شەعبی دژ بە خۆتان تەوزیف دەكرێت. 

ئێمە كاری رێكخراوی مەدەنی دەكەین، حزب و پرۆژەی سیاسی نیین، ئەوەی دەیەوێت حكومەت بروخێنێت بە رێگای خۆی، رێگای ئێمە چاودێری و فشارە، پیشاندانی كەلێن و كەموكورتی و پێشێلكارییە، تۆماركردن و بە دیكۆمێنتكردنە، بەرگرییە لە ئازادی میدیا و ئازادی زانیاری، ئازادی رادەربڕین. 

پەنابردن بۆ بڵاوكردنەوەی درۆ و بوختان و سوكایەتی، ئاسانترین كردەیە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوەشی بەرامبەر بە میترۆو چالاكوانەكانی بڵاودەكرێنەوە، چونكە سەرچاوەكەی ئاشكرایە، بە ووردی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین. ئەم هێرش و هەڵمەتی ناوزڕاندنە لەو كاتەوە سەری هەڵداوە، كە میترۆ خۆی هەواڵی دیدارە رەسمییەكانی هەولێر بڵاو دەكردەوە، دەچوون وێنەی هەواڵەكەی میترۆیان دەبردو وەك ئینجازێكی گەورەی ئەمنی و موخابەراتی خۆیان، ئینجا بە لكاندنی درۆی دەزگاكەیان، بڵاویاندەكردەوە. 

چ گاڵتەجارییەكە، وێنەكانی میترۆ بكەیت بە ئینجازی ئەمنی و هەواڵەكانمان بكەیت بە سەرچاوەی تایبەتی هەواڵگری، بیدەیت بە پەیجە بەکرێگیراوەکانتان.

ئێمە تێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەو كەسانەی، كە ژیان تەنگی پێهەلچنیون و ناچار كراون هەواڵمان لەسەر بڵاوبكەنەوە، بە شەرمەوە نامەمان بۆ دەنێرن و خەجاڵەتی دەردەبڕن لەبەرامبەر بڵاوكردنەوەی درۆی شاخدار لە سەر سەنتەرو رێكخەرەكەی، كە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییەو لەسەرو خۆیانەوە بە سەریاندا سەپاوە. 
میترۆ نامەیەكی بۆ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كونسڵی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان ئامادە كردوە، بەروونی ناوی چالاكوان و میدیاكارانی دەزگا ئەمنییەكان و سایت و پەیجەكانیان و هەڵمەتی تۆقاندن و فشارو هەرەشەو درۆكانیان بۆ سەر سەنتەری میترۆ رووندەكاتەوە، هەروەك ئۆباڵی هەر كردەیەكی توندوتیژی بەرامبەر رێكخەری میترۆ و ئەندامەكانی دەخاتە ئەستۆی ئەو دەزگایانەی پارەی (هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش) خستۆتە خزمەتی میدیا و كرینی ویژدانی میدیاكاران و چالاكوانی مەدەنی و دروستكردنی سوپای ئەلیكترۆنی وچالاككردنی پەیجەكانیان لە تۆری كۆمەڵایەتی بە ئامانجی سوكایەتی بە ژنان و میدیاكارانی ئازاد و چالاكوان و رێكخراوە سەربەخۆكان و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو كۆمەڵگادا. كچان و كورانی دەمامكداری دامەزاروە پۆلیسی و هەواڵگرییەكان و بەرپرسەکانیان: زەمەن لە نێوانماندا بێت ئەو كاتەی دەمامكەكانتان دەكەوێت، ئاشكرا دەبێت كێ بە گرێگیراوی كێ بووە؟ كێ بە پارەی سیخوری، گروپ ورێكخراو و پەیجی دروستدەكرد؟ كێ بە مەسرەفی رۆژانەی گیرفان راپۆرت لەسەر هاورێ و هاوپیشەكانی دەدایە دەزگا ئەمنییەكان؟ كێ موستەشاری كێ بوو؟ 

زەمەن لە نێوانماندا بێت تا روون دەبێتەوە بە موچەی مانگانەی چەند؟ شەرەفی پیشەكەتان فرۆشت و كەوتنە زەلكاوی میدیای هەواڵگری بەكرێگیرواو. هەروەها کێ و چۆن هەموو توانای هەواڵگری دەزگاکاکەی بۆ چاودێری ئەوانەی خۆی و باڵەکەی بیرناکەنەوە سەرفدەکەن، نەک داعش و ماعش. 

سەنتەری میترۆ 29ی ئایاری 2021



PM:02:04:29/05/2021