لە ٢٣ ی نیسانەوە لەشکرکێشی نوێی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ئامێدی دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ ٣١ ی ئایار ٣٢ پەرلەمانتاری کوردستان داوای کۆبوونەوە لەسەر ئەو لەشکرکێشیە دەکەن.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هیڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، " لەچەند ناوچەیەکی سنوری قەزای زاخۆ چەتەکانی تورکیا دەستیانکردوە بە بڕینەوەی داری گوندەکانی (سنات، مێرگە شیش، شیش و کەلۆک، ماسیس) و چەندین گوندی دیکەی سنورەکە کە تەمەنی هەندێکیان زیاتر لە ١٠٠ ساڵە".
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە رێگای دیپلۆماسی و یاسایی بگرنە بەر و داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات ئەم داربڕینە بوەستێنن.
هەر لەو بوارەدا ٣٢ پەرلەمانتار واژوویان لەسەر یاداشتێک کردووە کە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان سازبکرێت لەسەر ئەو لەشکرکێشییە نوێیەی سووپای تورکیا.