فراکسیۆنی پارتی لەسەر زیانگەیاندن بە ژینگەی کوردستان لەلایەن تورکیاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر زیانگەیاندن بە ژینگەی کوردستان لەلایەن تورکیاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" شەڕی پەکەکە و تورکیا هەمیشە ماڵوێرانی بۆ سەر ژیان و ژینگەی کوردستان و کاول کردنی گوندەکان و نەهێشتنی ژیان هەبوە لە ناوچە سنوورییەکاندا".

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەداخەوە شەڕی پەکەکەو تورکیا هەمیشە ماڵوێرانی بۆ سەر ژیان و ژینگەی کوردستان و کاولکردنی گوندەکان و نەهێشتنی ژیان هەبووە لە ناوچە سنوورییەکاندا، ئێمە نەک ئێستا لەسەر داربڕین بەڵکو لە رابردووش ڕامانگەیاندووە با چیدی خەڵکی سڤیل نەبنە قوربانی و شەهید نەکرێن، با ئەم کێشەیە لەناو خاکی تورکیا چارەسەر بکرێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان و ژینگەی کوردستان و ئاژەڵ و سروشتی کوردستان نەبنە قوربانی ئەم شەڕە. 

ئاماژە بەوەشکراوە" وەک چۆن داوا لەحکوومەتی تورکیا دەکەین خەڵکی سڤیل و سروشتی کوردستان و گوندەکانمان نەکات قوربانی کێشەی خۆی لەگەڵ پەکەکە، لە هەمانکاتدا دەڵێین پەکەکە هەمیشە بیانووی داوەتە دەست تورکیاو بە بەرپرسیارییەتەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخی هەستیارو ناسکی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەپێچەوانەوە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان تێوەبگلێنن و خەڵک و سروشت و خاکی کوردستان باجی ئەو بیانووانە بدات کە ئەوان دەیدەنە دەست حکوومەتی تورکیا".

ئەوەش هاتووە، لێرەشەوە داوا لە حکومەتی عیراقی دەکەین هەڵوێستیان هەبێت و لەم کێشەیە بێلایەن نەبن هەم لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا قسە بکەن و هەم پەیامێکی روون بدەنە پەکەکە، هەر لەمبارەیەوە یاداشتێکمان ئامادەکردووە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و داوای ڕێکاری پێویستی په‌رله‌مانی و دانیشتنی تایبه‌ت دەکەین لەسەر ئەم پرسە. 


PM:07:36:31/05/2021