ڕەوتی ئایندەی نیشتمان لەبارەی هێرش و داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم بانگەوازییەکی بڵاوکردەوە

ڕەوتی ئایندەی نیشتمان (ڕەوا) سەبارەت بە هێرش و داگیرکاری تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بانگەوازییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" رژێمی فاشیزمی تورکیا ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەی کوردە و ئەرکی هەمووانە دژی داگیرکارییەکە بووەستەنەوە". 

رەوتی ئایندەی نیشتمان لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکات" رژێمی فاشیزمی تورکیا ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەی کوردە، بێدەنگ بوون و نەبوونی هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان و ، نەجولاندنی ئەو دۆسیەیە لەگەڵ عێراق و دواتریش لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان، دەستی رژێمی فاشیزمی تورکیای واڵاکردووە، سڵ لەجێبەجێکردنی گشت جۆرەکانی قڕکردن لەبەرامبەر  گەلی کوردستان نەکاتەوە، کەلەبنەڕەتدا ئاراستەیەکی دوژمنکارانەی ئەردۆگانە لەپلانێکی بەرفروان و داگیرکاریدا لەناوچەکە بەتایبەتی بۆ سەر خاک و نیشتمانی کوردستان".

ڕەوتی ئایندە لەبەشێکی تری بانگەوازەکەدا داواکارە لە سەرجەم هێزە سیاسیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان و دۆستانی گەلی کورد لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەركی سیاسی و نیشتیمانیانەی خۆیان بەجێ بێنن، لەئاست بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مێژویی ومۆڕالی ئەم قۆناغەدا بن.

دەقی راگەیەندراوی رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ): 

بانگەوازێک بۆ:

- رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
- رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
- رێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە.
- گشت لایەنە سیاسیەکان لەهەرچوار پارچەی کوردستان.

لەپاڵ هەوڵە بەردەوامەکانی رژێمی فاشیزمی تورکیا بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد، پاکتاوکردنی جەستەیی (جینۆساید)، یاساخکردنی زمان(لینگۆساید)، رەشکردنەوەی شوناس ومێژوو وکەڵتووری کورد(کەڵچەساید)، وائیتر دەمێکە ئەو رژێمە فاشیزمە دەستیکردووە بە تێکدانی ژینگەی هەرێمی کوردستان(ئیکۆساید).

کاتێ رژێمی ئەردۆگان بەپاساوی هەبوونی رێکەوتنێک لەسەڵی 1983 لەنێوان رژێمی سەدام و رژێمی ئەوکاتی تورکیا، کەرێگەی پێیدەدات لەرێگەی ئاسمانی وزەمینی بە چەند کیلۆمەترێک، سنوور و سەروەری خاکی ئەو کاتی عێراق و خاکی ئێستای باشووری کوردستان ببەزێنێت، بەبیانووی راوەدوونانی ئەندامانی PKK وە، ئەو رێکەوتنە بەپێی یاسای نێودەودەوڵەتی هیچ بەهایەکی نیە، چونکە لەتۆماری هیچ رێکخراوێکی نێودوڵەتیدا بوونی نییە، رێکەوتنێکە لەنێوان دوو رژێم، بەکەوتنی هەر کامێکیان، لەکار دەکەوێت.

سووتماککردنی خاک وسەوزایی باشووری کوردستان و دزینی بەرووبومەکانی لەلایەن سوپای داگیرکەری تورک و،بێدەنگبوونی دەسەڵاتی ئێستای باشووری کوردستان لەبەرامبەر ئەو کاراساتە و، بەرپەرچ نەدانەوەی لەهەمان کاتدا ئیدانە دەکەین. بەپێی ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی کەئاماژە بەوە دەکات: پارتی دیموکراتی کوردستان لەتەواوی هێرشەکانی تورکیادا بۆ سەر پەکەکە، لەڕووی هەواڵگری‌و لۆجستی‌و سەربازیەوە هاوکار ویارمەتیدەری تورکیا بووە ٫هەستاون بەڕێکەوتنێک بۆ بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچە شاخاویەکان بەپێشکەوترین کەلوپەلی داربڕین کە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکیەوە دابیندەکرێت، لەپێناو ئاسانکردنی هێرشی درۆنەکان (فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان). بڕینەوە و تاڵانكردنی دار تەنیا یەكێكە لە رەهەندەكانی ئەوئۆپەراسێۆنە داگیركاریە. سوتاندن و بڕینی دارستان و باخ و موڵكی خەڵک، و تاڵانكردنی سامانی سروشتی سەر زەوی و ژێر زەوی و دزینی هەموو میراتی كەلتووری و مێژوویی و دەربەدەرکردنی دانیشتوانەکەی لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و گۆڕینی دیمۆگرافیا و پاكتاوی ئەتنیكی و ئایینی وەک ئەوەی لەباشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەوی دەکات، کۆی ئەوپیلان و داگیرکاریەیە کەبەرامبەر بەخاک و گەلی کوردستان ئەنجامی داوەو ئەدات، بەبیانووی ئەوەی گەریلاکانی PKK ،مەترسی لەسەرئاسایشی سنورەکانی دەوڵەتی تورکیا دروستکردووە، پاساوێکی بێ بنامەیە، رازیبوونی هەر لایەنێکی سیاسی بەو کارەسات و داگیرکاریەی ڕژێمی تورکیا، خیانەتە لەخاک ونیشتمان پڕ بەمانای ووشە.

بێدەنگ بوون و نەبوونی هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان و ، نەجولاندنی ئەو دۆسیەیە لەگەڵ عێراق و دواتریش لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان، دەستی رژێمی فاشیزمی تورکیای واڵاکردووە، سڵ لەجێبەجێکردنی گشت جۆرەکانی قڕکردن لەبەرامبەر  گەلی کوردستان نەکاتەوە، کەلەبنەڕەتدا ئاراستەیەکی دوژمنکارانەی ئەردۆگانە لەپلانێکی بەرفروان و داگیرکاریدا لەناوچەکە بەتایبەتی بۆ سەر خاک و نیشتمانی کوردستان.

بۆ ئەو مەبەستە داواکارین سەرجەم هێزە سیاسیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان و دۆستانی گەلی کورد لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەركی سیاسی و نیشتیمانیانەی خۆیان بەجێ بێنن، لەئاست بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مێژویی ومۆڕالی ئەم قۆناغەدا بن، لە كاتێكدا دەوڵەتی توركیا لە هەنگاوی ستراتیجی ئێستا وداهاتووی خۆیدا، هەوڵی داگیركردنی باشووری كوردستان دەدات، ئەرکی هەموومانە هەموو پێكەوە بتوانین شكست بەم داگیركارییە بهێنین کەبەرامبەر خاک و نیشتمانی گەلی کوردستان دەکرێت.

لەهەمانکاتدا داوا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدرالی دەکەین بەئەرکی خۆیان هەستن لە بەرامبەر دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆ سەر  هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەو ناوچانەدا ، داوایان لێدەکەین بەزوترین کات لیژنەیەک لە وەزارەتى بەرگری و پەیوەندییەکانى دەرەوە پێکبهێنن سەبارەت بە دەستدرێژییەکانى سوپای تورکیا بۆسەر خاکى هەرێمی کوردستان.

هاوکات داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین کە بێدەنگی بشکێنێت و بەرامبەر ئەم سیاسەت و هێرشانەی رژێمەکەی ئەردۆگان کە بریتین لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی  و تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتێکی سەربەخۆ بەجدی هەڵوێستی هەبێت.

هاوکاتیش داواکاریمان ئاراستەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دەکەین کە سنورێک بۆ ئەم بەربەریەتیەی رژێمی فاشستی ئەردۆگان دابنێن، بە تایبەتی وەک ئەندامێکی پەیمانی ناتۆ بەچەکی ئەو پەیمانە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات،  چاوەروانین هەنگاوی جدی بەرامبەر بەم رژێمە مرۆڤ کوژە بنێن.

ڕەوتی ئایندەی نیشتمان (ڕەوا)


PM:11:05:03/06/2021