پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری، سەلیم شوشکەییش وەک زۆرێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانی تری عێراق کێشەی ناونوسکردنی پاسەوان و نیوەپارەدانی مووچەکانی هەیە، لە هەولێر بە بڕیاری دادوەر، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی ئەو پەرلەمانتارەدا دەگیرێت تا پارەی ئەو پاسەوانانە دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ ی حوزەیران لەسەر دوای سکاڵای سێ پاسەوانی سەلیم شوشکەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، دادگای هەولێر بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی شوشکەیی دا.
بەپێی بڕیاری دادگا "پێویستە سەلیم شوشکەیی لە ماوەی سێ رۆژدا پارەی خوراوی ئەو سێ پاسەوانە بگەڕێنێتەوە بۆیان، ئەگەرنا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت".
فازڵ حاجی، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر بە میدیایەکی نزیک پارتی راگەیاندووە " له رووی یاساییه‌وه ئۆتۆمبێلی ده‌ست بهسەرداگیراو هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی پێوه‌ناكرێت، تا دادگا ئه‌و كه‌یسه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، دادگای جێبه‌جێكردنیش بەپێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی فرۆشتنی هه‌یه".
بەپێی نووسرای ژماره "14671"ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر، ئۆتۆمبێلی ژماره "331083 تایبه‌ت – هه‌ولێر" له جۆری "كیا سۆرینتۆ ستێشن"، به ناوی "سه‌لیم هه‌مزه ساڵح"ـە و ئەگەر له ماوه‌ی سێ رۆژدا پارەی پاسەوانەکانی نەدات، به پێی مادده‌ی (69)ی یاسای جێبه‌جێكردن، ده‌فرۆشرێت و پارەی پاسەوانەکانی لێدەدرێت.
هەر ئەمڕۆ، هیمداد عه‌زیز، یه‌كێك له پاسه‌وانه‌كانی مه‌لا سه‌لیم، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، لەبەردەم دادگا، رایگەیاند: ”11 ساڵ له‌گه‌ڵ سه‌لیم شوشکەیی بووم، وێنه‌گری تایبه‌تی ئه‌و بووم، كه بووه په‌رله‌مانتاریش، به‌ڵێنی دا بمكاته پاسه‌وانی تایبه‌ت به گرێبه‌ست، ئیتر هه‌شت مانگ مووچه‌ی 600 هه‌زاری پێ دام، وتی هه‌موو مووچه‌كه ئه‌وه‌نده‌یه، دوای هه‌شت مانگ وتی تۆم لا داوه و كه‌سێكی ترم داناوه، كه‌چی به‌ڵگه‌ی نه‌بوو، منی لانهدابووم، هه‌روه‌ها به‌دواداچوونم كرد و ده‌ركه‌وت هه‌موو مانگێك پاره‌ی منی خواردووه، كه مانگانه 915 هه‌زار دینار بوو، وێرای ئه‌وه‌ی 315 هه‌زاری له‌و مووچانه‌ش خواردووم كه پێشتر دابوومێ".
هیمداد عەزیز ڕوونیشی كرده‌وه: له 1/2/2016 لادرام، ئه‌و تا مانگی 8ـی 2015 مووچه‌ی پێدام، به‌ڵام مه‌لا سه‌لیم نووسراوی به ساخته له‌سه‌ر من كردووه و داوا ده‌كا ڕێكه‌وته‌كه بۆ 1ـی 8 بگۆڕن و پاره‌كه‌ی لێ وه‌ربگرنه‌وه و بیده‌ن به به‌غدا.
زۆرێک لە پەرلەمانتارانی بەغدا ناونووسی پاسەوانیان کردووە، بەڵام نیوەی مووچەکەیان پێدەدەن و نیوەکەی تری دەبن بۆ خۆیان یان دەیدەن بە حیزبەکانیان، ئەم گەندەڵیەی پەرلەمانتارانی عێراق، تا ئێستا کەمی ئاشکرا بووەو، زۆریان بێدەنگی لێکراوە.