نوسەرێکی دیاری کورد کۆچی دوایی دەکات


رووناکبیر و نووسەری دیاری سلێمانی و باشووری کوردستان، بەیاد عەبدولقادر ئەمشەو کۆچی دوایی کرد.

پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی  ٩ حوزەیران نووسەر و میدیاکار، بەیاد عەبدولقادر ئەحمەد کۆچی دوایی کرد.

ئەو نوسەرە لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی، لە گەڕەکی سەرچیمەن لە خانەوادەیەکی ناسراو هاتۆتە دنیاوە. هەر لە منداڵیەوە، زیرەکی و وریایی لە ڕادەبەدەری تێدا بەدیکراوە، لە خوێندندا لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی دا زۆرسەرکەوتوو بووەو، هەموو پلەکانی بە باشی بڕێووە، تەنانەت لە قۆناغی ئامادەییدا زۆر چالاک بووە، لە هەموو بوارەکانی شانۆ، ئەدەب، ڕۆشنبیری و وتارداندا (خگابە) و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.

لەسەردەمی حکومڕانی رژێمی پێشووی سەدام،  تووشی گێچەڵ پێکردن و هەڕەشەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس و ئەمنی سلێمانی و یەکێتیی قوتابیانی کارتۆنی دەبوەوە، تەنانەت جارێکیان چەند چەتەوڵێکی حیزبی بەعس بردوویانەتە قەراغ شار و لوولەی تفەنگیان تێکردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە، ئەگەر بێدەنگ نابێت و بەردەوام بێت لەسەر ئەم ڕەفتارانەی دەیکوژن و کەسیش پێی نازانێت.
ئەو کەسەی هەڕەشەی لە بەیاندکردووە، پاش یەک هەفتە لە لایەن هێزەکانی ئەو دەمەی شۆڕشەوە دەکوژرێت، هەرچەندە بەیاد بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم نهێنییە نابێت و سەری لەم کارە سوڕدەمێنێت، ئەو رووداوە دەبێتە مایەی ترسێکی زۆر بۆ خۆیی و خانەوادەکەی، دەگاتە ئەو حاڵەتەی ماوەیەک نەچێتەوە بۆ خوێندن. 

لە زانکۆش لە قۆناغی سێهەمی کۆلێجی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەدین، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە واز لە خوێندن دەهێنێت.
 بەیاد لەسەردەمی لاوێتیدا وەک ڕۆژنامەنووسێکی گەنج چالاک بووە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا، بە ڕۆنیۆ چەندین ژمارەی گۆڤار تریفەی بڵاوکردۆتەوە. تریفە گۆڤارێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری سەنگین بووە. 

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و پاش دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، ئەو لەگەڵ هاوڕێکانیدا یەکێک بووە لە بێژەرە سەرەتاییەکانی ئەم تەلەفیزیۆنە و ڕۆڵێکی گرنگ و سەرکی بینیووە لە سەرکەوتن و بەروەپێشەوچوونی بەرنامەکانیدا.

 بەیاد یەکەم کەس بووە، کە کتێبێکی لەسەر مامۆستا نەجمەدین مەلا نووسیووە بە ناونیشانی (بۆتان دەگێڕمەوە) لە ساڵی ١٩٧٩ دا، هەروەها کتێبێکی دیکە لەسەر گەشەکردنی قۆناغی کۆمەڵ ١٩٨٦ نووسیووە، مامۆستا ڕەئووف حەسەن پێشەکی بۆ نووسیووە، هەروەها سەرجەمی بەرهەمەکانی شاعیر ع. بەسۆزی لە دووتۆیی کتێبێکدا دوای ڕاپەڕین بڵاوکردۆتەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کردووە
 دوا کاری ڕۆژنامە نووسیشی ئەندامی بنکەی گەلاوێژ بووە و سکرتێری نووسیی گۆڤاری گەلاوێژی نوێ بووە. بەیاد عەبدولقادر لەگەڵ هونەرمەند خالید ڕەسوڵ و چەند برادەرێکی نووسەر و شاعیری دیکەیدا، لە کۆتایی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەیان بەرنامەی ڤیدیۆیی، بۆ نووسەران و شانۆکاران تۆمارکردووە. بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە ئەم کەسایەتیە بە توانا و چالاکە لە تەمەنێکی زۆر گەنجییەوە تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووە و لە ماڵەوە بە ئازارەوە دەتلایەوە تا ڕۆژی 09-06-2021 لە تەمەنی 61 ساڵی کۆچی دوایی کرد.

نوسەر خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانی ڕازاو و کاکە ئەژین و کاکە ژیرە.



AM:01:34:10/06/2021