وردەکاری رێگریکردن‌و دیپۆرتکردنەوەی چالاکوانانی ئەورپی لە هەولێر

‌وێنەیەکی ئەمڕۆی وەفدەکە

رۆژی ٨/٦ شاندێکی ١٠ کەسی لە هەڵگری رەگەزنامەی جیاجیای وڵاتانی سویدی، دانیمارک، نەرویج، ئەڵمانیا دەگەنە شاری هەولێر، شاندەکە لە رێگەی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە هەماهەنگیان بۆ دەکرێت تا دیدار لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، رۆژی ٩/٦ بڕیاربوو دیدارێک لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان ساز بکەن، بەڵام ئەو شاندە کە ژمارەیان تەنیا ١٢ کەس دەبوو لە کاتی دەرچوونیان لە ئوتێل لە لایەن دەزگا ئەمنیەکان رێگریان لێدەکرێت و ناهێڵن بۆ دیداری فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە هۆتێل دەر بچن.( تا ئەم ساتە پەرلەمانی کوردستان بێدەنگە ).

بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەی دەزگا ئەمنیەکان بەرامبەر ئەو شاندە کردیان و بۆ پشتیوانی کردن لێیان، رۆژانی دواتر بە دەیان چالاکوان و پەرلەمانتار و رۆژنامەنووسی ئەورپی دەیانەوێت لەسەر ناوی گرووپی ئاشتی بێنە شاری هەولێر، بەڵام هەر چل کەس لەوانە لە کۆنترۆلی دەزگا ئەمنیەکان دەربازیان دەبێت و، دوای ئەوان سەرجەم گروپەکانی دیکە دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ ولاتەکانیان، لە نێو ئەو شاندەدا کە تا ئێستا دیپۆرت کراونەتەوە چەندین پەرلەمانتار و چالاکوانی دیاری مافی مرۆڤ هەن کە لە ولاتە جیاجیاکانی ئەورپا بە نیازی سەردانی هەرێمی کوردستان بوون.

بیانووی پارتی لە رێگری لە شاندی ئاشتی چی بووە؟

پارتی پێیوایە ئەو شاندە لە کەسانی بیانی کە بەنیاز بوونە رۆڵ بۆ ئاشتی ببینن، زۆربەیان لە ئەورپا دۆستی پەکەکەن بۆیە پێی ووتون " ئاشتی لای ئێمە نییە، بڕۆن لە قەندیل داوای ئاشتی بکەن".

گروپی ئاشتی کە ئێستا ٤٠ کەسیان لە شاری هەولێرن دوای رێگریکردنیان لە سازدانی دیدار لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کە لە ژێر فشاری پارتیدا بوو، خەریکی سەردانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانن تا ئێستا بە فەرمی لە لایەن حزبی شیوعی و زەحمەتکێشان پێشوازی لێکراون.

رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتی ( باسنیوز) هەواڵی سەردانی ئەو شاندە ئەورپیەی بۆ مۆزەخانەی وێنەکانی شۆڕشی ئەیلول بڵاوکردۆتەوە بەبێ ئەوەی وەک شاندی ئاشتی ناویان ببات.

هەر بە پێی زانیاریەکان ئەو شاندە رۆژی هەینی سەردانی بابە شێخ شێخی ئێزیدیان لە " لالش " کردووە، دواتر چوونەتە ئەو کەمپەی ئێزیدیان کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا ئاگری تێبەربووە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " دوای سێ رۆژ رێگا گرتن، ئەمڕۆ سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو شاندەی  کۆبۆوەو دواتریش رێگایان پێدان کە سەردانی پەرلەمان بکەن.

سەرچاوەیەک بە " سپی " راگەیاند" ئەو سەردانەی ئەمڕۆش بۆ پەرلەمان کە دوای دیدارەکەی سەفین دزەیی دێت، لە ژێر چاودێریدا بووە.



PM:08:56:13/06/2021