كاتی نمایشكردنی فیلمە نوێكەی شوان عەتوف ئاشكراکرا

فیلمی (بێ نیشتیمان)ی لە دەرهێنانی تورج ئەسڵانیە و لە ئێستادا ئامادەیە بۆ نمایشكردن و بڕیارە بەمنزیكانە لەسەر شاشەی سینەماكانی كوردستان نیشان بدرێت.  

دەرهێنەر و ئەكتەری دیاری سینەمای كوردی شوان عەتوف لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند" مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" لە دەرهێنانی "توورج ئەسڵانی" و بە ڕۆڵ بینینی "شوان عەتووف" دوای بەشداریی لە بازاڕی فێستیڤاڵی "بەڕڵین" وەکوو گرینگترین بازاڕی فیلم لە ئەورووپا و جیهان، لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت".

ئاشکراشیکردووە، فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی"، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی "ڕه‌ز هەڵکەوت ڕەشید" لە هەرێمی کوردستان و سووریا، لە ڕۆژی جەژنی قوربان واتە 20ی جوولای 2021 و هەروەها لە ڕۆژانی دوایی لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری وڵاتی عێراق نمایش دەکرێت.

بەوتەی شوان عەتووف، فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" بۆ یەکەمین جار لە حەفتا و یەکەمین خولی بازاڕی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە وڵاتی ئەڵمانیا لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" پێشکەش کرا، بازاڕی فیلمی "بەڕڵینالە" بە ناونیشانی یەکێک لە گرینگترین بازاڕەکانی فیلم لە ئەورووپا و جیهان دێتەئەژمار. 

شوان عەتووف ناوی بەشێك لە ئەكتەرەكانی فیلمەكە ئاشكرا دەکات و دەڵێت" لە "بێ نیشتمان"دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ "هانی موجتەهیدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە". 

شوان عەتوف ساڵی ١٩٧٢ لە سلێمانی لەدایكبوە، ساڵی ١٩٨٨ دەستی بە کاری هونەریی کردوە، لە چەندین دراما، فیلم و شانۆییدا وەک ئەکتەر و دەرهێنەر کاریکردوە.


AM:09:06:21/06/2021