" دیاردەی كۆچ بەرێژەیەكی مەترسیدار بەردەوامە "

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت" ئەمساڵ 26 هەزار و 972 كەسی عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە و داوای مافی پەنابەرێتییان پێشكەش كردووە". 

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە گەشتە ئاسمانی و زەوینییەكان لە ساڵی 2020ـدا راگیران، رێژەی پەنابەری و كۆچبەری لە چاو ساڵانی رابردوودا زۆر دابەزی، بەڵام ئەمساڵ بەپێی ئەو ئامارەی بە دەستی ئێمە گەیشتووە 26 هەزار و 972 كەسی عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە و داوای مافی پەنابەرێتییان پێشكەش كردووە". 

وتیشی" هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەشێكن لەو وڵاتانەی كە دیاردەی كۆچ تیایدا ڕەنگی داوەتەوە و ساڵانە سەدان و هەزاران گەنجی وڵات بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیكە كۆچ دەكەن و بەهۆی سەختی ڕێگای كۆچەوە كۆچبەران ڕووبەڕووی مەترسی گەورە و چەندین جۆری تراژیدیا دەبنەوە كە بە كارەساتی دڵتەزێنی وەك مردن و بێسەروشوێنبوون كۆتایی دێت و بەشێكی زۆری ژمارەی ئەو قوربانیانەش بێبەش نین لە ژن و منداڵ". 

وەك دەزگای لوتكە داواكارین لە كاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كە ئاوڕ لە بارودۆخی پەنابەران بدەنەوە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی پەنابەران و هاوڵاتیانی ناوخۆی وڵات بدەن لە پێناو ڕێگریكردن لە دیاردەی كۆچ و لەلایەكی دیكەشەوە ڕێگا لە دیپۆرت كردنەوەی زۆرەملێی ئەو پەنابەرانە بگیرێت كە بەهۆییەوە تووشی شكست و شڵەژانی دەروونی دەبنەوە.


AM:10:05:21/06/2021