ئاسایشی سلێمانی رایدهگهیهنێت" هێزەکانیان لە ئەرکی فەرمیدا بوون و شۆفێرێک ھێزێکی چەکدار بە شێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی کە لە ئەرکدا بوون و بە تەقەکردن رووبەڕووی ھێزە ھاوبەشەکە بوونەوە کە لە ئەرکدا بوون".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەرونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە" کاتژمێر ( 11:30 ) شەوی 21/22/ 2021/6 ھێزەکانمان بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزەئەمنییەکان لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لەئەرکێکی رەسمیدا بون، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارەکەمان لەسەر شەقامی جەواھیری لەگەڕەکی سەرچنار".
ئەوەشی خستۆتەڕوو، شۆفێرێک پابەندنابێت بەڕێکارو رێنماییە یاساییەكان و پاش گرفت دروستکردن، ھێزێکی چەکدار بەشێوازێکی دەرچون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی کە لەئەرکدا بون و بەتەقەکردن روبەڕوی ھێزەھاوبەشەکە بونەوەو سەرئەنجام شەش کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و كارمه ندێکی هێزەكانى فریاكەوتنى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى سلیمانى برینداربون و رەوانەی نەخۆشخانەکران بەمەبەستی چارەسەر.
ئاسایشی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکردووە، ئێمە لە کاتێکدا ھیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارانی ئەم روداوە نەخوازراوە دەخوازین، رێوشوێنە یاسییەکانیش بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە جێدەھێڵین و ھەمولایەک دڵنیادەکەینەوە ھەرگیز دەستبەرداری ئەرکی نیشتمانی خۆمان نابین لەپاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان و ئارامی شار و لەو پێناوەشدا ئامادەی ھەمو قوربانییەکین.