یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستی خۆی لەسەر سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕاگەیاند

نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق راگەیەندراوێکی نوێی لەسەر دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە بڕیاری دادگای هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان نیگەرانین". 

نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەست (سپی) کەوتووە دەڵێت" نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیبلۆماتکارانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا لە عێراق جەختی لە ڕاگەیەنراوی پێشوو (10ی ئایاری 2021) بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنەوە کە نیگەرانی قوڵمان نیشاندا لەبارەى سزادانی پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوس، چونکە دادگایکردنەکە دادپەروەرانە نەبووە".  

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە، نیگەرانییەکان بریتین لە دەنگۆی ئەشکەنجەدان و دەستڕانەگەیشتنی تیمی بەرگریکار بە دۆسیەی زیندانیان و فشاری سیاسی لە دۆسییەکەدا.

نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیبلۆماتکارانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاسپاردەکانی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەند وەربگرن بەتایبەتی، ئەوانەی پەیوەندییان بە هەراسانکردن، ترساندن و تۆڵەکردنەوە هەیە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی یاسای تاوان وەک ئامرازێک بەکارنەهینرێ بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین.

هیواشی خواستووە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی میدیایی و سەربەخۆیی دادوەری و دادگاکان کە کۆڵەکەى دیموکراسین، پاریزراو بن.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ گیراوەکانی ناوچەی بادینان پەسەند کرد و دۆسیەکەی داخست. 


AM:11:30:30/06/2021