ئۆردوغان باسی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد دەکات


سەرۆکی تورکیا لەسەردانی ئەمڕۆیدا بۆ شاری ئامادی پایتەختی باکوری کوردستان، باسی ئاشتی دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەوان پابەندن بە بەڵێنەکانی خۆیانەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەریان کرد، هاوکات پەکەکە بە تێکدەری پرۆسەکە ناوزەد دەکات، هەروەها هەدەپەش بە پاشکۆی پەکەکە.

ئۆردوغان لەسەردانیدا بۆ شاری ئامەد باسی لەگەڕانەوە بۆ درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی كرد لە باكووری كوردستان و ڕای گەیاند " ئەوان خاوەنی بەڵێنەكانی خۆیانن كە لە ٢٠٠٥دایان بە خەڵك، بەڵام پەكەكە بۆ بەردەوامیدان بە خوێنڕشتن، گورزی لە پرۆسەكە دا".

وەک میدیاکانی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکانی ئاودێری دەشتی بیسمیل، کارگەی رستن و چنینی ئامەد و چوارەمین پڕۆژەی تەواوکردنی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە گەورە شارەكەی باكووری كوردستان، ڕەخنەی لە پەكەكە گرت بەوەی كاتی خۆی گورزی لە پرۆسەی ئاشتی دا و نەیهێشت پرۆسەكە بەردەوام بێت، ئەمەشی بۆ بەردەوامیدان بە خوێنڕشتن كردووە.

ئۆردوغان له‌به‌رده‌م پارێزگای ئامەد وتارێكی خوێندەوەو وتی "ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌و گوتانه‌ی خۆمانین كه‌ ساڵی ٢٠٠٥ كردوومانه‌، بەڵام پەکەكە گورزی لە پرۆسەكە دا".

سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی لە هەدەپە گرت كە خۆیان كردووەتە پاشكۆی پەكەكە و وتی "بەبێ ئەوەی شەرم بكەن، بێزار و خەجاڵەت بن، هێشتا دەڵێن ئاشتی، برایەتی، دادگەری، دیموكراسی. ئەی هەدەپە ئێوە كەسانێكن كە دەبێت دوایین كەس بن باس لەو شتانە بكەن".

ئەردۆغان وتیشی "ئەوانەی كە دوێنێ بۆ بەردەوامیدان بە خوێنرشتن گورزیان لە پرۆسەی ئاشتی دا، ئێستا لەگەڵ جەهەپەدا كار دەكەن و تاكە خەمیان توركیایەكی بێ ئەردۆغان و بێ ئاكپارتییە".



PM:08:29:09/07/2021