ئەو ژنەی هاوسەرەکەی لە هەولێر زیندانیكراوە، هەڕەشەی سوتاندنی خۆی و دوو منداڵەكەی دەكات

ئەمڕۆ دووبارە ئەو ژنەی کە ماوەی چەند ساڵێكە هاوسەرەكەی لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیركراوە داوای دیاریكردنی چارەنووسی دەكات و دەڵێت" ئەگەر پیاوەكەم ئازاد نەكەن، ئەوا لەبەردەم ئاسایشی گشتی شاری هەولێر خۆم و نمنداڵەکانم دەسوتێنم". 

ژنێک بەناوی دیانە حسێن، بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هاوسەرەکەم كە ناوی (هونەر رەشید ئاغا)یە ماوەی هەشت ساڵ دەستگیركراوە، لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەدوای تەواوكردنی ماوەی حوكمەكەی ئازادکرا، 
بەڵام دوای ٤٠ ڕۆژ لە ئازادكردنی لە ئاسایشی هەولێرەوە ناردیان بەدواییدا و بردیان".

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا دیانە ئاشکراشیکرد، ئەو كاتەی دووبارە هاوسەرەکەم لە ماڵەوە بردیان وتیان "برا گەورە" ئیشی پێیەتی، بەڵام لەوکاتەوە پیاوەکەم زیندانی کراوە، هاوکات تاوەكو ئێستا نە دادگایی كراوە و نە دۆسییەی لێکۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە. 

هەروەها ڕاشیگەیاند" داوا لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت دەكەم، ئەگەر ئاگادارە پیاوەكەم بەناوی ئەوەوە دەستگیركراوە، ئازادی بكات. چونكە ئەو پرسە دەبێت چارەسەر بكرێت".

جەختیشیکردەوە، چۆن دەبێت شتی وا لە هەرێمی کوردستان ڕووبدات، ئێستا وەكو سەردەمی سەداممان لێهاتووە پیاو دەڕوات بەبێ بڕیار و دادگاییكردن دەستگیردەكرێت.

ئەو ژنە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا هۆشداریشی دا" کە ئەگەر ئەمجارە وەڵامى نەدرێتەوە دەچێتە بەردەم ئاسایشی هەولێر و خۆى و هەردوو منداڵەکەى دەسوتێنێت".


PM:01:10:10/07/2021