ئاسایشی هەولێر لەبارەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" ئەو روداوەی رویداوە هیچ پەیوەندییەکی بە گەشتیارانەوە نەبووە". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە رونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەبارەت بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال  میدیا بڵاوبوەتەوە و وا باسدەکرێت کە ڕێگری لە هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق کراوە، ئاگاداری هەمولایەک دەکەینەوە کە ئەم روداوە هیچ پەیوەندییەکی بە گەشتیارانەوە نەبووە. 

دەشڵێت" رۆژی هەینی ڕێکەوتی 16ی تەموز، مەفرەزەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەسەر ڕێگای (کەرکوک- هەولێر) بە مەبەستی دەستگیرکردنی تاوانبارێکی هەڵاتو لە یاسا بەناوی (ا.ص.ا) ناچار بە تەقەکردن دەبن، "دوپات دەکەینەوە کەئەم روداوە هیچ پەیوەندییەکی بە خوشک و برا گەشتیارانەوە نەبوە و هاتنی گروپە گەشتیارییەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە بێ گرفت بەردەوامە".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر ڕوونیشیکردووە، لێکۆلینەوەکان سەبارەت بە روداوەکە  بەردەوامە و هەمولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانمان لە ئەرکدان بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ گشت هاوڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست. 


AM:09:02:22/07/2021