٦٠ تورکی نەژاد پەرست پەلاماری خێزانێکی کورد دەدەن


لە ناوچەی مەڕمەڕەی کۆنیای تورکیا، ٦٠  نەژادپەرستی تورک، هێرشیان کردوەتە سەر خێزانێکی کورد و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ئەو خێزانە کوردە کوژراوە.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، " لە چارکلکۆی مەڕمەڕەی کۆنیای تورکیا، خێزانێکی خەڵکی شاری ئامەدی باکوری کوردستان هێرشیانکراوەتەسەر. ئەو خێزانە ٢٠ ساڵە لەو ناوچەیە دەژین، کۆمەڵێک نەژادپەرستی تورک کە لە ٦٠ کەس پێکهاتبوون، بە چەک هێرشیان کردوەتەسەر خێزانە کوردەکە و لە ئەنجامدا حەکیم دالی تەمەن ٤٣ ساڵ، بە دەستی نەژادپەرستە تورکەکان کوژراوە و زۆر جاری تر هەڕەشە لەو خێزانە کراوە".

حەمدی دال برای حەکیم  ئاماژەی بەوەکرد و وتی: لەبەرئەوەی ئێمە کوردین بۆیە هێرشمان کراوەتە سەر، پێمان دەڵێن دەبێت ئێوە خانووەکەتان بفرۆشن و لێرە بڕۆن، لە گوندەکانی دەوروبەریشمانەوە  گوشاریان لێکردوین و دەیانەوێت لێرە بڕۆین و هەڕەشەشیان لێکردوین.

جەختیکردەوە: کاتێک شوانەکەی ئێمە  خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانمان بوو، گوێمان لە دەنگەدەنگ بوو، بینیمان ٦٠ کەس هاتن و هێرشیان کردە سەرمان، ئێمە سێ کەس بووین  و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا براکەی من کوژرا.

شایەدحاڵی ڕووداوەکە محەمەد ئەمین، ئاماژەی بەوەکر کە نەژادپەرستەکان، چەند جاری تر ویستبوویان هێرشبکەنەسەر ئەو خێزانە و وتی: لە ڕابردوودا سێ جار هەوڵیاندابوو هێرشبکەنەسەر ئەو خێزانە.

ماوەیەکە هێرش بۆ سەرکورد لەلایەن نەژاد پەرستەکانەوە لە باکوری کوردستان لە ‌هەڵکشاندایەو، هەندێکجار کوردی باشوری کوردستانیش دەگرێتەوە کە بۆ کارێک یان گەشتوگوزار سەردانی تورکیایان کردووە.



PM:02:31:22/07/2021