زانیاری ورد لەسەر خەرجییەکانی تەلەفزیۆنی ئای پلەس کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە داخرا

ئێوارەی ١٣ ی تەموز هێزێکی سەر بە سکرتاریەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی چوونە سەر تەلەفزیۆنی ( ئای پلەس) کە تەلەفزیۆنی لاهور جەنگی بوو کۆنترۆڵیان کرد، دواتر رایانگەیاند کە ئەو تەلەفزیۆنە بە موڵکی یەکێتی دروستکراوەو دەگەڕێتەوە سەر راگەیاندنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ماڵپەڕی " سپی " چەند زانیارییەکی لەسەر خەرجیەکانی ئەو تەلەفزیۆنە بڵاودەکاتەوە. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەچەند سەرچاوەیەکی جیاجیاوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئەو کەناڵە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ دوو ساڵ زیاتر تا رۆژی داخستنی زیاتر لە ٩ ملیۆن دۆلاری تێچووە.  

دەربارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئامێرەکانی تەلەفزیۆنی ( ئای پلەس ) خەرجکراوە، زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بووە.

لەسەردەمی بەرێوەبەری یەکەمیدا، توانا عوسمان نزیکی ملیۆن و نیوێک دۆلار خەرجکراوە بۆ پێدوایستییەکانی کەناڵەکە.

لەسەردەمی بەڕێوەبەری نوێ، هیوا جەمال بڕی یەک ملیۆن دۆلار بە هەمان شێوە خەرجکراوە.

ئەو بڕە پارەیەی خەرجکراوە بۆ مووچەی ستافی تیڤیەکە کە لە دوای ساتی داخستنیدا زیاتر لە ١١٠ کارمەندی هەبووە، هەر کارمەندێک لە هەزار دۆلار زیاتر مووچەی مانگانەی بووەو تا ٦ هەزار دۆلار کە مووچەی مانگانەی بەرێوەبەرەکەی بووە.

ئەم بڕە پارە زۆرە کە بۆ ئەو کەناڵە دابینکراوە وەک هەموو کەناڵە سێبەر و حیزبیەکانی تری کوردستان نازانرێت لە چ سەرچاوەیەکەوە  دابینکراوە، ئەوەی راستییە ئەو بڕە پارانەی لەم جۆرو کەناڵانەدا خەرج دەکرێت، هیچی لە سەروەت و سامانی بەرپرسەکان خەرجنەکراوەو، بەڵکو لە موڵکی گشتی و بەراستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خەرج دەکرێت.
  
 




AM:11:21:23/07/2021